هاتووچۆی سلێمانی لەسەر پێشبڕکێ دەستی بەسەر شەش ئۆتۆمبێلدا گرت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی پێشبڕکێ و بێزارکردنی هاونیشتمانییان، دەستیان بەسەر شەش ئۆتۆمبێلدا گرتووە و رێکاری یاسایی بەرامبەر شۆفێرەکانیان دەگرنەبەر.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-04-2022 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیمان و هۆشداریدانمان بەو شۆفێرانەی کە لەکاتە جیاوازەکان و بە تایبەتی لە شەودا سەرقاڵی پێشبڕکێ و شۆفێریکردنن بەشێوەیەکی مەترسیدار و بێزارکردنی خەڵک بە دەنگی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانیان، شەوی رابردوو مەفرەزەکانی هاتووچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی قەزای ناوەند و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی، توانرا دەست بەسەر شەش ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆردا بگیرێت، کە شۆفێرەکانیان پێشبڕکێیان پێوە دەکرد. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لە گەراجی دەستبەسەردا گرتنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانین و رێکاری یاسایی بەرامبەر شۆفێرەکانیان دەگیرێتەبەر".