راوێژکارێکی وەزارەتی تەندروستی: پێشنیازمان کردووە خەرجی دەرمان بخرێتە سەر داهاتی نەوت

08-04-2022
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن دەرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی دەرمان لە سلێمانی داوایان کردووە خەرجی دەرمان و کەرتی تەندروستی بخرێتە سەر داهاتی نەوت، چونکە داهاتی ناوخۆ بەردەوام کێشەی لەسەرە، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی تەندروستی تەرخانکراوە، کەمە.
 
رۆژی چوارشەممە 06-04-2022، لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە نەمان و کەمبوونەوەی دەرمان سەردانی سلێمانییان کرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-04-2022، د.سەعدوون رۆستەم، راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەکە، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بوو، کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "داوامانکردووە نەختینەیەک دابنرێت، ئەو 6 ملیار دینارەشی کە بۆ دەرمان دانراوە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، کە سلێمانی ملیارێک 600 ملیۆن دیناری بەردەکەوێت، ئەوەش زیاد بکرێت و بەشێوەی نەختینە بدرێت".
 
بە بڕوای د.سەعدوون رۆستەم ئەگەر ئەو بڕە پارەیە زیاد بکرێت و بەشێوەی نەختینە بدرێت "هەم دەرمانیش دەتوانرێت بەشێوەیەکی  هەرزانتر بکڕین و هەم زووتریش بە دەستمان دەکەوێت، بەڵام تۆ کاتێک کە کۆمپانیایەک دەرمانت بۆ دەهێنێت و نازانێت کەی پارەکەی پێدەدەی، بێگومان گرانتر حیسابی دەکات، ئەوان خەڵکێکی بازرگانن و بیر لە سوود دەکەنەوە".
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەدەدات ئەوەی لەو کۆنووسە دوای سەردانیان بۆ سلێمانی پێشنیازی کردووە، ئەوەیە "خەرجی کۆمپانیاکانی دەرمان هی هەموو هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر داهاتی نەوت، لەسەر داهاتەکانی ناوخۆ نەبێت، چونکە داهاتی ناوخۆ کێشەی لەسەرە".
 
د.سەعدوون رۆستەم، گوتیشی، بۆ پێویستییەکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کە 6 ملیاری بۆ دانراوە پارەکە کەمە و دەڵێت: "رەنگە مانگانە پێویستمان بە 20 ملیار دینار هەبێت، ئینجا بتوانین بەشێوەیەکی باش بۆ هەموو کوردستان دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابین بکەین".
 
دوای سەردانەکەیان بۆ سلێمانی، دوێنێ چوارشەممە 06-04-2022 د.سەعدوون رۆستەم، سەرۆکی لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە سەردانەکەماندا بۆ شاری سلێمانی گوێمان لە تەواوی لایەنەکان گرت، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە کێشەی دەرمان لە سلێمانی و دەوروبەری زۆرە. کێشەکە بەجۆرێکە  ئێستا تەنیا نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان دەکرێت و رەنگە ئەوەش لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بوەستێت."
 
سەرۆکی لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: "ئێمە لە هۆکارەکانی کێشەکەمان کۆڵییەوە و بۆمان دەرکەوت، کێشەکە نەبوونی پارەی نەختینەیە لە بانکەکانی پارێزگای سلێمانی."
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی نیسانی 2022، سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا، "بەمەبەستی بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی گیروگرفتەکان و رێگەچارەکانی نەبوونی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بانکەکانی سلێمانی، بۆ پاڵپشتیکردن و بەردەوامبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە نەخۆشخانەکان، لیژنه‌یه‌ک سەردانی مەیدانی ئه‌و شاره‌ بكه‌ن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سەرژمێری لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پلاندانان بۆ هاونیشتمانییانی ناوچە کێشەلەسەرەکان: بەشداربن لە پڕکردنەوەی فۆرمی وردی سەرژمێری

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لەماوەی سێ رۆژی قۆناخی دووەمی سەرژمێری، زیاتر لە 100 هەزار کەس پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە سەنتەری پەیوەندییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم کردووە، "کە زۆربەیان کاریان لەسەرکراوە."