قوڕقوشمی نێو بەنزین و پلاستیک هەڕەشەن بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پرۆفیسۆرێکی زانستەکانی ژینگە مەترسییە جیددییەکانی سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەبواری ژینگەدا باسدەکات، کە لە داهاتوودا خەڵکێکی زۆر بەدەست کاریگەرییەکانییەوە دەناڵێنن. یەکێک لەو مەترسییانە بوونی ماددەی قوڕقوشمە لەنێو بەنزینی هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت "بەوهۆیەوە منداڵانی نەوەی داهاتوو زیرەکی لەدەستدەدەن و شێرپەنجەش زیاددەکات".
 
رۆژی سێشەممە 6-4-2021 د. دڵشاد عەزیز، پرۆفیسۆری زانستەکانی ژینگە لە کۆلێژی زانست/ زانکۆی سەڵاحەددین، سەمینارێکی زانستی لەبارەی ژینگە و هۆکارەکانی پیسبوونی بۆ بەشێک لە کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو سازکرد. ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستیپێکردووە بۆ هۆشیاریی ژینگەیی و پیسنەکردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن ئەو کەسانەی دەچنە گەشت بۆ سەیرانگەکان.
 
"وردە وردە هەوای شارەکان پیس دەبن"
 
پ.د. دڵشاد عەزیز لەو سەمینارەدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وردەوردە بەرەو شۆڕشێکی پیشەسازی دەڕوات، کارگەکان، پاڵاوگەکان و ئەو بازرگانییانەی دەردراوە گازییەکانیان زۆرن بەردەوام لە زیادبووندان، بەپێی ئەو توێژینەوانەشی کۆلێژی زانست/بەشی زانستەکانی ژینگە کردوویانن، "زۆربوونی ئەو کارگانە بوونەتە هۆی زیاتر پیسکردنی هەوای شارەکان". 
 
ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانیی پسپۆڕانی ژینگەیە، ئەوەیە کە دانانی فلتەر لە کارگەکان بەشێوەیەکی گشتیی نەبووەتە ناچاری، "هەربۆیە هەموو ئەو دەردراوە گازییانەی کوشندەن و هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە دەچنە هەوای شارەکانەوە". د. دڵشاد نموونەی شاری هەولێری هێنایەوە، کاتێک لە بەرزاییەکانی پیرمامەوە سەیربکرێت، تەمێکی رەش ئاسمانی شارەکەی داپۆشیوە. پرۆفیسۆر پێیوابوو دەبێ بەردەوام چاودێریی ئەو پەڵە رەشە بکرێ و زانستییانە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، چونکە بەپێی توێژینەوەکانی ئەوان، ئەو گازانەی لە بەرگە هەوادا کۆدەبنەوە بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێن و کاریگەرییەکانیشیان جیاواز دەبێت. ئەو پرۆفیسۆرە بەپێویستی دەزانێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارگەکان، مووەلیدەکان و ئەو ئامێرانەی دەردراوی گازیی زیانبەخشیان هەیە، ناچاربکات بە دانانی فلتەر پاککەرەوە".
 
پیسبوونی کەشوهەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی؟
 

هەرچەندە تاوەکو ئێستا وا زانراوە، کە دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی پەیوەندی بە بۆماوەیی و تێکچوونی خانەکانەوە هەیە، بەڵام د. دڵشاد دەڵێت، "هەموو توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا هاوشێوەی بۆماوەیی کارگەریی لەسەر دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان دەبێت". ئەو پشتڕاستی ئەو توێژینەوانەشی کردەوە، کە بەوە ئەنجامە گەیشتوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەخۆشانی شێرپەنجە زیادیان کردووە، کە هۆکاری تووشبوونیان پیسبوونی ژینگەیە جگە لە بۆماوەیی، بەتایبەت زۆربوونی شێرپەنجەی قوڕگ و سییەکان.
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەر شێرپەنجە، لە عێراق لەساڵی 1991 ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجە بوون 5720 کەس بوون، بەڵام لە 2016 ئەم ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ 25556 کەس. واتە 67٪ی زیادیکردووە. زۆرترین تووشبووان لەدوای شیرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی گەروو و سییەکانن بەتایبەت پیاوەکان زۆرترین تووشبووەکانن.
  
پیسبوونی ژینگە و کاریگەریی لەسەر زیرەکیی منداڵ
 
هەر بەپێی ئەوە توێژینەوانەی د. دڵشاد باسیکرد، ئەو بەنزینەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، قوڕقوشمی تێدەکرێت لەپێناو بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی. جگە لە خراپیی دەردراوە گازییەکەی قوڕقوشم کە لە گزۆزی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەردەچێت بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی قوڕگ و سییەکان، کاریگەریی ئەو گازەیە لەسەر کۆئەندامی دەمار، کە وەک ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت "کۆئەندامی دەمار بەتایبەت لە منداڵاندا ناچالاک دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەیەکی تەمبەڵ دروستبێت، کە درەنگ توانای تێگەیشتنیان دەبێت". د. دڵشاد دەڵێت، "ئێستا ئەم بابەتە زۆر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و سەلمێندراویشە کە بەنزینی هەرێمی کوردستان قوڕقوشمی تێدەکرێت، بەڵام هیچ هەوڵێکی جیدیی نییە بۆ چارەسەرکردنی، چونکە بازرگانان قازانجیان لا مەبەستترە لە تەندروستی و ژینگە".
 

رۆژی 9-3-2021 لیژنەی وزەی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بەپێی بەدواداچوونی ئەوان چەندین گۆڕەپان و پاڵاوگەی بێمۆڵەت هەن لە هەرێمی کوردستان کە سووتەمەنییان تێدا دەفرۆشرێت،بەڵام سووتەمەنی ژەهراوی و ژینگە پیسکەر. ئەو لیژنەیە رایگەیاند ماددەی جۆراوجۆر دەکرێنە نێو سووتەمەنی وەکو Mtp ، بەنزینا، بەنزۆڵ، ئیسانۆل و نەفتا، کە هەموو ئەم ماددانە دەکرێنە نێو بەنزینی کوالێتی نزم و ئۆکتانی پێ بەرز دەکەنەوە، ئەم ماددانە هەروەها یارمەتیدەرن بۆ گەشەی شێرپەنجە، کێشەی کۆئەندامی هەناسە و لەناوبردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی.
 
پلاستیک و تێکدانی کرۆمۆسۆم
 
ئێستا زۆربەی کەلوپەلە بەردەستەکانی مرۆڤ لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش ماددەی پلاستیکن، جگە لەوانەش لەدوای ساڵی 2000 شتێک کە بووە باو گۆڕینی دەرگا و پەنجەرە و دیوار و سەقفی ماڵان بوو بە پلاستیک، ئەوەی پێیدەڵێن PVC، کەچی ئێستا زانستی ژینگە دەیسەلمێنێت، کە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە بوونەتە زیانێکی مەترسیدار لەسەر مرۆڤایەتی و راستەوخۆ پلاستیک دەبێتە هۆی تێکدانی کڕۆمۆسۆمی مرۆڤ.
 
د. دڵشاد لەو بارەیەوە دەڵێت "پلاستیک راستەوخۆ کاردەکاتە سەر کرۆمۆسۆم، پاشان کۆئەندامی زاوزێ تێکچوونی سووڕی ژیان و وەچەخستنەوە". 
 
پسپۆرێکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێ لە کتێبێکیدا لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە باس لەوە دەکات، چووکی پیاوان بەرەو بچووکبوونەوە چووە و ئەو ئەندامانەی پەیوەندییان بە زاوزێوە هەیە بەرەو تێکچوون چوون و هۆکارەکەشی پیسبوونی ژینگەیە. گرنگی توێژینەوەکە لەوەدایە کە تێكچوونی کۆئەندامی زاوزێ رەنگە ببێتە هۆی لەنێوچوونی مرۆڤایەتی.
 
د. شانا سوان زانایەکی ژینگەیی و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێیە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی بچووکبوونەوەی قەبارەی چووک و کەمبوونەوەی رێژەی سپێرم لە تۆواودا مرۆڤایەتی رووبەڕووی "قەیرانی مانەوە [بوون]" دەبێتەوە. هۆکاری ئەوەش بۆ ماددەیەکی کیمیایی بە ناوی "phthalates" دەگەڕێتەوە کە لە دروستکردنی پلاستیکدا بەکاردەهێنرێت و کاریگەریی لەسەر سیستەمی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن هەیە. ئەو ماددە کیمیاییە لە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانە هەیە کە رۆژانە بەکاریدەهێنین، وەکو: ئەو بۆنەی لە دروستکردنی سابوون و شامپۆ بەکاردەهێنرێت یان فەرش و بەشێک لەو کاخەزانەی بە دەوری خواردنە خێراکان دەپێچرێن.
 

د. سوان لە کتێبی "کاونت داون" ئاماژە بە کەمبووەنەوەی ژمارەی سپێرم دەدات و دەڵێت: لە ساڵی 1970ـەوە ژمارەی سپێرم لە تۆواودا بەڕێژەی 60٪ دابەزیوە، هەروەها بە گوتەی د. سوان، بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی کوڕ کە لەدایکدەبن "چووکیان بچووکە".
 
نەبوونی سەوزایی
 
بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەسەر ژینگە هەن لە جیهاندا و پیسبوونی هەوا، رێژەی ستاندەری سەوزایی لە جیهاندا بۆ هەر شارێک لە 13٪ بەرزکراوەتەوە بۆ 25٪، بۆ هەر تاکێکیش پێویستە 16 مەتر دووجا سەوزایی هەبێت، واتە ئەگەر کەسێک خانووەکەی 100 مەتر بێت، دەبێت رووبەری 16 مەتر دووجای سەوزایی بێت. بەڵام ئەمە لە کوردستان نەک هەر لە گەڕەک و یەکە نیشتەجێبوونەکاندا نابینرێت، بەڵکو بەگشتیی سەوزایی و دروستکردنی پارکەکان نابینیت لە پلانەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا.
 
دەشتی شارەزوور
 
لەپاڵ پیسبوونی هەوا، پیسبوونی خاک وەکو کۆڵەگەیەکی سەرەکیی ژینگە یەکێکە لە مەترسییەکان، ئێستا بەشێکی زۆری وڵاتان بەهۆی پیسبوونی خاکەکەیان، کە بووەتە هۆی ئەوەی بەپیت نەبێت بۆ کشتوکاڵ، خاک لە وڵاتانی دیکە دەکڕن، بەڵام د. دڵشاد دەڵێت "خۆشبەختانە دەشتی شارەزوور تاوەکو ئێستاش بەپیتترین خاکی جیهانە بۆ کشتوکاڵ، دوای ئەویش دەشتی هەریر و دەشتی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، کەچی تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە سوود لەو بەپیتییەی خاکی شارەزوور وەربگیرێت"، کە وەکو پرۆفیسۆر باسیکرد، ئەو خاکە بەدەست هەر وڵاتێکی دیکەوە بووایە، زۆرترین بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی تێدادەکرد.