لە پێشانگەی کتێب وەشانخانەکان داشکاندنیان بۆ کتێبەکانیان کردووە

رووداو - هەولێر

لە چواردەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب نزیکەی یەک ملیۆن ناونیشان خراونەتە بەردەستی خوێنەران، کە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو نزیکەی 300 هەزار ناونیشان زیادیکردوووە. هەروەها دەزگاکانی چاپ و پەخش لە 250ەوە بوونەتە 300 دەزگا. زیادبوونی دەزگاکانی چاپ و پەخش و ناونیشانەکانی کتێب، جۆرێک لە رکابەری لەنێوان دەزگاکانی چاپدا دروستکردووە.

لە رۆژانی کۆتایی پێشانگەدا دەزگاکانی چاپ و پەخش هەوڵیانداوە نرخەکان بە رێژەی تاوەکو لە 60% دابەزێنن، بەم کارەش هەم بازاڕی کتێب گەرمتر بکەن و هەم خوێنەریش زیاتر بکەنە خاوەن کتێب. 

خوێنەران و خوازیارانی کتێب ئەگەرچی بەدوای حەزی خۆیاندا دەگەڕێن، بەڵام لە کڕینی و هەڵبژاردنەکانیاندا رەچاوی نرخیش دەکەن.

ساڵی 2018 لە کوردستان نزیکەی 1700 ژمارەی سپاردن دەرچوون کە زۆرترینیان تایبەتن بە پارێزگای سلێمانی و نزیکەی 800 ژمارەی سپاردنن.

ساڵانە لە جیهاندا بە بەهای 143 ملیۆن دۆلار مامەڵە بە کتێبەوە دەکرێت. ئەمریکا لە 29%ی پشکی چاپی کتێب، پلەی یەکەمی هەیە و ساڵانە نزیکەی 230 هەزار ناونیشان چاپ دەکات.