گالەری

07-04-2018
19 Photos
سەرتیپ عوسمان

رووداو - هەولێر

دوای سێ رۆژ، ئێوارەی رۆژی شەممە 7-4-2018 ، بە دابەشکردنی خەڵات بەسەر براوەکانی شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە، بیست و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی ئەدەبی و هونەری گەلاوێژ  بە بەشداری ژمارەیەک نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کورد، عەرەب و ئێرانی لە سلێمانی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

وەک نەریتێکی ساڵانە فێستیڤاڵەکە خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەم دەبەخشێتە براوەکان، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو خەڵاتی یەکەمی شیعر نەبەخشرا. 

بەگوتەی لیژنەی هەڵسەنگاندنی شیعر، هیچ شیعرێک شایستەی ئەوە نەبووە خەڵاتی یەکەمی پێببەخشرێت.

هەروەها سامان بەشارەتی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: بیست و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی ئەدەبی و هونەری گەلاوێژ ئەمڕۆ شەممە 7-4-2018 کۆتاییهات، لە کۆتا رۆژی فێستیڤاڵاکەش زیاتر تەوەرەکان بۆ خەڵاتکردنی ئەو توێژینەوەو چیرۆک و شیعرانەبوون کە پێشکەش بە فێستیڤاڵەکە کرابوون.

ساڵانی رابردوو، فێستیڤاڵی گەلاوێژ 5 رۆژ بەردەوام دەبوو، بەڵام ئەمساڵ 3 رۆژ بەردەوامبوو. هەروەها بەگوتەی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە ئەمساڵ بەهۆکاری قەیرانی دارایی و هەروەها بارودۆخی سیاسی باشووری کوردستان، بەراوەرد بە ساڵانی رابردوو میوانی کەمتر لە دەرەوەی کوردستان بانگهێشتکرابوون. لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە نووسەر، شاعیر و وەرگێڕانی کورد، ژمارەیەک نووسەر لە ئێران، عێراق و جەزائیر بانگهێشتکرابوون.

‎خەڵاتی لێكۆڵینەوە: 

‎یەكەم: هەورامان فەریق كەریم - پێشڕەو عەبدوڵڵا.
‎دووەم: بەهمەن تاهیر نەریمان - سەیوان محەممەد تاهیر.
‎سێیەم: ماجد خەلیل فەتاح - بێستوون عارف.

‎خەڵاتی چیرۆك

‎یەكەم: سیروان كەریم - كارۆخ فەهمی.
‎دووەم: سوارە نەجمەدین - هەڵمەت حسێن.
‎سێیەم: هەورین نەجات - ڤیدا قادری.

‎خەڵاتی شیعر

‎یەكەم: نەبەخشرا
 
‎دووەم: شەهرام هوژەبری- نسار مستەفا - بەختیار شارەزووری.

‎سێیەم: حوسێن لەتیف- بەختیار ئۆغەن - دیار سۆفی.