هەدەپە دەیەوێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەیەکدی نزیکبکاتەوە
رووداو-هەولێر
دووەمین جارە هەدەپە لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنیدا لەسەر ئاستی باڵا سەردانی باشووری کوردستان دەکات. ئەوان دەیانەوێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەیەکدی نزیکبکەنەوە.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی گەلان یەکەم وێستگەی کۆبوونەوەیان گەیاندنی پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی بوو بەخانەوادەی بارزانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی دلۆڤان بارزانی، برای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لەمە شاندەکە لەسەر پرسی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر گفتوگۆیانکرد.
شاندی پارتی دیموکراتی گەلان بۆ ماوەی 3 رۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە ، لەم ماوەیەشدا لەگەڵ سەرجەم حیزبەکانی بەشدار لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە، دۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە و زیاتر لەیەکتر نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی تهوهری سهرهكیی كۆبوونهوهكانن لهگهڵ لایهنهكان.
رۆژی هەینی لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە و لە رۆژی شەممە سەردانی حیزبی شیوعی و یەکگرتووی ئیسلامییان کرد.
شاندەکەی هەدەپە، لە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە و هەریەکە لە پەرلەمانتاران، فەلەکناس ئۆجا، عوسمان بایدەمیر، ئیمام تاشچیئەر، بەردان ئۆزتورک و چەند ئەندامێکی دیکە پێکهاتوون.