سەرەڕای دیپۆرتکردنەوە، کۆچ بەرەو ئەوروپا بەردەوامە

رووداو - ئیزمیر 

دوای رێککەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران و ناردنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە یۆنانەوە بەرەو تورکیا، بەڵام کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامە.

شەوکەت هەرکی، نێردراوی رووداو بۆ ئیزمیر لەمبارەیەوە دەڵێ " سەرەڕای دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بەرەو وڵاتی تورکیا، کۆچکردن بەردەوامە، بەڵام بەڕێژەی جاران نییە و رێژەیان زۆر کەمبووەتەوە، رێژەی کۆچبەرانیش لە ئیزمیر کەمبووەتەوە".

رێگەی چوونی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی نایاسایی، بەپێی گوتەی شەوکەت هەرکی "زەحمەتتر کراوە" ئەمەش دوای رێککەوتنەکە دێت " ئیمە جارجارە لە دەریاوە کەشتییەکانی ناتۆ دەبینین کە زۆر نزیکی قەراخ دەریا دەبنەوە، واتا هەم کەشتییەکانی ناتۆ هەم تورکیاش ریگری لە چوونی کۆچبەران دەکەن".

بەپێی گوتەی نێردراوی رووداو" ئەگەر هەموو رێگاکانی کۆچبەران لە تورکیا بەرەو یۆنان بگیرێن، ئەوا باس لەوە دەکرێت کۆچبەران ناچنە یۆنان، بەڵکو لەرێگەی مێرسین و ئیزمیرەوە روودەکەنە وڵاتی ئیتاڵیا".   

 نێردراوی رووداو باسی گۆڕانی شێوازی مامەڵەکردنی کۆچبەر و قاچاخچییەکان دەکات لە ئیزمیر و دەڵێ" پێشتر کۆچبەران بە ئازادی لە ئیزمیر دەگەڕان و بە ئازادی لەگەڵ قاچاخچییەکان مامەڵەی خۆیان دەکرد، بەڵام رەوشەکە گۆڕاوە و تورکیا جیدیتر بووە لەو بارەیەوە و، هێزەکانی ئاسایشی بڵاوەپێکردووە، بەهۆی ئەوەشەوە کۆچبەران کەمتر بە رۆژ دەردەکەون و زۆرتر بە شەو دێن و دەچن".