کەشناسیی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت

07-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێنج پارێزگای باشووری کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، لە شەپۆلەکەدا زۆرترین باران لە گەرمیان و کەمترین لە دهۆک دەبارێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت. درەنگی شەو کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هەندێک کات بەشێوەی لێزمەباران و هەورە برووسکە دەبێت".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسیی دەڵێت: "لە کاتەکانی بەیانی زوودا بارانی مامناوەند دەبارێت پاشان دەگۆڕیت بۆ نمەباران؛ کاریگەری باران لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان زیاتر دەبێت".
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلەکە ئەمڕۆ لە گەرمیانەوە دەستپێدەکات و دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە، شەو دەگاتە هەولێر و بەرەبەیانی سبەی لە دهۆک باران دەبارێت".
 
بەگوتەی ئەو کەشناسە: "زۆرترین رێژەی بارانبارین لە گەرمیان دەبێت و کەمترین لە دهۆک. شەپۆلەکە یەکشەممە و دووشەممەش بەردەوام دەبێت، بەڵام بە لاوازتر و ئەگەری نمەباران دەبێت. سێشەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک بەرز دەبێتەوە". سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 19  پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی 
کەرکووک: 19 پلەی سیلیزی  
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە