لە 33 رۆژدا 109 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بایۆمەترییان کردووە

07-03-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بایۆمەتری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە و زیاتر لە 109 هەزاریش خۆی لە بایۆمەتری تۆمارکردووە. زۆرترین دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە سلێمانی و کەمترینیش لە هەولێرە. لە تۆمارکردنی بایۆمەتریشدا هەولێر زۆرترین و دهۆک کەمترینە.
 
لە یەکی کانوونی دووەمی 2024 پرۆسەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 7ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند تاوەکو رۆژی 5ـی ئادار، 10 هەزار و 810 کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دابەشکردووە، لە هەولێر 806 کارت، لە دهۆک دوو هەزار و 838 و لە سلێمانی 7 هەزار و 166.
 
سەبارەت بە پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری، کە لە یەکی شوباتەوە دەستیپێکردووە، گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن دەڵێت "تاوەکو 5ـی ئادار، 109 هەزار و 18 کەس ناوی تۆمارکردووە، لە هەولێر 54 هەزار و 199 کەس. لە دهۆک 24 هەزار و 347، لە سلێمانیش 30 هەزار و 472 کەس."
 
رۆژی 4ـی ئاداری 2024 بۆ دووەمجار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەکانی عێراق تۆماری بایۆمەتریی درێژکردەوە. بەگوێرەی دوایین درێژکردنەوە، 10ـی ئادار، دوایین رۆژە بۆ نوێکردنەوە یان تۆماری نوێی بایۆمەتری.
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 
رۆژی سێشەممە 5ـی ئاداری 2024 تۆمارکردنی ناوى هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکرد و، تاوەکو 14ـی ئادار بەردەوام دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە