چیرۆکی ئەو گەنجەی زاخۆ کە لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەر خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

باوکی قوربانییەکی مادەی هۆشبەر بە خەمێکی قوڵەوە لە ماڵەکەی خۆی دانیشتووە و چیرۆکی جگەرسووتان و لەدەستدانی کوڕەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، کە لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەر ئاگری لەخۆی بەردا و بە سووتان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
 
ئەو گەنجە زاخۆییە پێش سێ ساڵ دەستی بە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کردووە، باوکەکە چەند جارێک کوڕەکەی لە ماڵەوە زیندانی دەکات بۆ ئەوەی لە مادەی هۆشبەر دووری بخاتەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕێی نەدەکرد روویدا، پێش چەند رۆژێک ئەو گەنجە لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەر، خۆی سووتاند لەگەڵ خۆیدا ئاگری لە جەرگی باوکیشی بەردا.
 
باوکی قوربانییەکە کە داوای کرد ناسنامەیان ئاشکرا نەکرێت، بەمشێوەیە چیرۆکەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە "کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان بوو، ئێمە نووستبووین (کوڕەکەم) هاواری کرد و گوتی 'باوکە فریام بکەوە.' سەیرم کرد ئاگری پێوەیە، بەهەرحاڵێک بێت، ئاگرەکەمان کوژاندەوە و بردمانە نەخۆشخانە، بەڵام دوای چوار رۆژ گیانی لەدەستدا."
 
باوکە جگەرسووتاوەکە پەیامێکی بۆ دایک و باوکان هەیە و دەڵێ "تکایە ئاگاداری منداڵەکانتان بن، دڵی ماڵی من سووتا، نامەوێت کەسی دیکە وەک ئێمە دڵسووتاو بێت." 
 
بەگوتەی پەرلەمانتارێکی عێراق، ئامارەکان مەترسیدارن و دەروازەی هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، حاجی ئۆمەرانە.
 
عومەر کۆچەر، ئەندامی کۆمیتەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، مادەی هۆشبەر "50٪ـی چینی گەنجانی گرتووەتەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. رێژەکە زۆر زۆرە و دەبێت ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی من، زیاتر لە ئێرانەوە دێت."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق هەروەها گوتی "ئەگەر دەستی بەرپرسی گەورەی لە پشتەوە نەبێت، ئەوە بازرگانییەکی ئاسان نییە."
 
لایەنە ئەمنییەکانی زاخۆ رۆژی 14ـی شوبات دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی گرتنی بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کرد، بەپێی سەرچاوەیەک بۆ رووداو، ئاسایشی زاخۆ زیاتر لە 100 کەسی لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرکردووە.
 
ئەحمەد نووری، سەرۆکی رێکخستنەکانی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر بە رووداوی گوت "سێ تەوەری سەرەکی رێگەکانی چارەسەرین، یەکێکیان ئەوەیە ئەو دەروازانەی ئەو مادەیان لێوە هاوردە دەکرێت، کۆنترۆڵ بکرێن. دووەم دانانی هەندێک سەنتەر و کلینیک بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبووان، سێیەمیشیان هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە."
 
لە مانگی شوباتدا، سێ جار بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، لە ئەنجامدا سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر بریندار بوون و دەستگیرکراون، بەگوێرەی چاکسازیی دهۆک 70٪ـی دەستگیرکراوان بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە لای ئەوان، خەڵکی زاخۆن.