کوردستان
رەند ئاری (لای چەپ)، ئەو هاونیشتیمانییەی بۆ گەشتێکی زانستی دەبرێتە جەمسەری باکووری زەوی، لەگەڵ کاپتنی کەشتییەکی گەشتی مەودا درێژ لە رووسیا.
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ گەشتێکی زانستی دەبرێتە جەمسەری باکووری گۆی زەوی.
رەند ئاری، یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ 14 کەسی دیکە بۆ گەشتێکی زانستی بۆ جەمسەری باکووری زەوی هەڵبژێردراون، ئەوەش دوای چەند تاقیکردنەوەیەک و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکان تێیاندا.
رەند ئاری گوتی، ئەو گەشتە زانستییە لە مانگی ئابی ئەم ساڵ بە کەشتییەک دەکەن کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەوانەی لەو گەشتە لەگەڵیدا دەبن خەڵکی وڵاتانی ئیسرائیل، تونس و بەنگلادیشن.
رەند ئاری پزیشکی ددانە. ئەو لەبارەی ئامانجی گەشتەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانج لە گەشتەکە ئاشنابوونی هاووڵاتییان و ئاگاداربوونیانە لە کەشوهەوا و ژیان لەو ناوچەیەدا [جەمسەری باکووری زەوی]".
باوەڕ محەممەد، یەکێکی دیکەیە لەو گەنجانەی بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان چووەتە رووسیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 70 کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان سەردانی رووسیامان کردووە. ژمارەیەک گەنجی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە هاتوونەتە رووسیا".
باوەڕ محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 20 هەزار کەس لە تەواوی جیهانەوە بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو.
فێستیڤاڵی گەنجانی جیهان رۆژانی 1ی ئەم مانگە لە شاری سۆچیی رووسیا دەستی پێکرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتاییهات. زیاتر لە 300 هەزار کەس لە مانگی حوزەیران بۆ کانوونی یەکەمی رابردوو لە 180 وڵاتی جیهانەوە داواکارییان پێشکێش کردبوو بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ