لە شەو و رۆژێکدا لە بانە و پاوە چوار کۆڵبەر بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان چوار کۆڵبەر بریندار بوون، تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکانیش جێگیر نییە.
 
رۆژی 06-03-2024 کۆڵبەرێکی دانیشتووی پاوە بە ناوی عەتا حوسێنی بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار بوو. ئەو کۆڵبەرە گوللە بەر سینگی کەوتووە.
 
عەتا حوسێنی دوای برینداربوونی بردراوەتە نەخۆشخانەی شارۆچکەی نەوسوود، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گواستراوەتەوە نەخۆشخانەیەک لە پاوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی محەممەد میرانی، خەڵکی گوندی بانەوڕێی سەر بە شاری پاوە لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە مین پێیدا تەقیوەتەوە و قاچێکی لەدەستداوە.
 
ئەو کۆڵبەرە کە خێزاندارە و منداڵی هەیە، گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی شاری پاوە.
 
لە ناوچە سنوورییەکانی شاری نەوسوود رۆژی چوارشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی ئەفشین نەزەری، لەلایەن هێزی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە کاتی دەستگیرکردنیدا لێیان داوە و سەروچاوی بریندار بووە.
 
هەر رۆژی چوارشەممە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە کۆڵبەرێک بە ناوی مەهدی ئەنوەری، 23 ساڵ تەمەن بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بریندار بووە.
 
ئەو کۆڵبەرە خەڵکی شاری سەقزە و لە ناوچە سنوورییەکانی هەنگەژاڵ تەقەی لێکراوە.
 
بەپێی راپۆرتی ریکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە ساڵی 2023 لانیکەم 32 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 307 کۆڵبەر بریندار بوون و دوو کۆڵبەری دیکەش بێسەرشوێن بوون.