هەفتەیەکە سێ گوندی سنووری ورمێ بێ ئاون

07-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ماوەی حەوت رۆژە ئاوی خواردنەوە لەسەر سێ گوندی ناوچەی مەرگەوەری شاری ورمێ پچڕاوە و تائێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە ورمێوە، بە هۆی سووتانی پەمپی وێستگەی ئاوی ژاراوە، ماوەی هەفتەیەکە گوندەکانی ژاراوە، سورکان و باوانی سەر بە ناوچەی مەرگەوەری شاری ورمێ بێ ئاون.
 
بەپێی زانیارییەکان، ماوەیەک بوو پەمپی وێستگەی ئاوی ژاراوە تووشی کێشەیەکی تەکنیکی ببوو و بەهۆی چارەسەرنەکردنی لە لایەن فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ناحیەی سیلواناوە، دواجار رۆژی هەینی رابردوو، 1ی ئاداری 2024،  پەمپەکە سووتا و وێستگەکە بە تەواوی لەکارکەوت.
 
بە لەکارکەوتنی وێستگەکە، زیاتر لە 550 خێزان لەو گوندانە کە ژمارەی دانیشتووانیان زیاتر لە دوو هەزار و 900 کەسە، بێ ئاو بوون.
 
دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە تووشی کێشەی زۆر گەورە بوونەتەوە و ناچارن لە کانیاوەکانی دەوروبەری گوند، ئاوی پێویست بۆ خواردن و خواردنەوە دابین بکەن.
 
دوای تێپەربوونی حەوت رۆژ بەسەر کێشەکەدا، تائێستا فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ناحیەی سیلوانا هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نەداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە