بانکی بازرگانیی عێراق رازی بووە 400 ملیار دینارەکە بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان

رووداو – هەولێر 

دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بانکى بازرگانیى عێراقى (تى بی ئاى) رازی بووە ئەو 400 ملیار دینارە بە قەزر بداتە هەرێمى کوردستان کە بڕیار بوو وەک شایستەى دارایی لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵییەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا دەستى کەوتوون، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشنیازى بۆ بانکى بازرگانیى عێراق (تى بی ئاى) کردووە بۆ ئەوەى 400 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان، تاوەکو دواتر بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیی 2023 پاکتاو دەکرێت.
 
رۆژی 28-2-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 رێککەوتن. دوای ئەو رێککەوتنە ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى بانکی تی بی ئای لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە و رەزامەندى داوە لەسەر ناردنى ئەو 400 ملیۆن دینارە بە قەرز، بەڵام کاتى ناردنەکەى دیاری نەکراوە.
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو پێشنیازە لە مانگى کانوونى دووەمى 2022 هەبوو، بەڵام رازیبوونی بانکى تى بی ئاى بۆ ناردنى 400 ملیار، پەیوەندیدارە بەدڵنیابوونەوەى لە رێککەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەسەر پرسی بودجە."
 
د. نەرمین مەعروف گوتیشى: "بانکەکە ئەو پارەیە بە قەزر دەداتە هەرێمى کوردستان و دواتر لە پشکەکەى لە بودجەى گشتى 2023 دەبڕدرێت".
 
رۆژی 26ى شوباتى 2023، حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى گەیشتنە رێککەوتنى بەرایی لەبارەى پرسى بودجە، بەگوێرەى رێککەوتنەکە پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتى 2023 دەگاتە زیاتر لە 12%ى ئەو بودجەیە کە چاوەڕوان دەکرێت تێکڕاى بڕى بودجەکە 200 ترلیۆن دینار بێت.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان ئەو هەنگاوە بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکە بۆ خۆلادانى وەزارەتى داراییە لە بڕیارى 25ـى کانوونى دوومى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵى کە ناردنى پێنج گوژمەى 200 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان، بەبێ رادەستکردنى نەوت و پاکتاوکردنى شایستە داراییەکان و گەڕاندنەوەى داهاتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا بە نادەستووری دانا.
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "نەناردنى 400 ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە سیناریۆیەکى چاوەڕوانکراو بوو، چونکە وەزارەتى دارایی عێراق بەهۆى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بنێرێت."
 
خەلیل دۆسکى گوتیشى: "لەڕێگەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا بۆ پێکهێنانى حکومەت رێککەوتن لەبارەى ناردنى ئەو پارەیە کراوە، ناردنى پارەکە لە رێگەى بانکى تى بى ئاى بە قەرز دەبێت".
 
بانکى بازرگانیى عێراق لە ساڵى 2003ـەوە دامەزراوە، زۆرینەى چالاکى بازرگانى دەرەکى لە رێگەى ئەو بانکەوە دەکرێت. بانکەکە سەر بە وەزارەتى داراییە.
  
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى، کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 19ى کانوونى یەکەمى 2022 ئاڕاستەى ئەمینداریێتى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە، هۆکارەکانى رازینەبوونی بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکە بڵاوکردووەتەوە، کە پێشتر حکومەتى فیدڕاڵى لە 13ى کانوونى یەکەمى 2022 بڕیارى ناردنى دابوو.
 
پاساوى وەزیرى دارایی بۆ نەناردنى پارەکە پاکتاونەکردنى شایستە داراییەکان نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى بووە بۆ ساڵانى نێوان 2004 بۆ 2020 بەپێى یاسای بودجەى گشتى 2021، هەروەها بڕیارى ژمارە 59ى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق کە لە 15ى شوباتى 2022 دەریکردووە کە یەکێک لە بڕگەکانى ئەوەیە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى بەغدا بکرێت، ئەوە جگە لە نووسراوێکى دیوانى چاودێرى دارایی کە تێیدا هەرێمى کوردستان داوایکردووە خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2021، بکرێتە 17 ترلیۆن و 703 و ملیار و 110 ملیۆن و 866 هەزار و 550 دینار، لە برى 12 ترلیۆن و 156 ملیار و 498 ملیۆن و97  هەزا دینار و ئەوەى بە بەڵگەى "ناوردى" ئەو راپۆرتە لەقەڵەمداوە کە لە لایەن دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستانەوە پێشکێش کراوە.