لە دەربەندیخان و گەرمیان دەست بە گلدانەوەی ئاو لە دوو بەنداوی نوێدا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی 12ـی پار، دوو بەنداوی نوێی دروستکرد؛ یەکێکیان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و ئەوی دیکە لە قەزای دەربەندیخان، ئەمساڵ لە هەردوو بەنداوەکاندا دەست بە گلدانەوەی ئاو کراوەدەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 7- 3-2023، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: لە مانگی 12 ساڵی پار، بەنداوی تووڕەجاڕ لە ناحیەی شێخ تەوێڵ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەنداوی دێوانە لە قەزای دەربەندیخان دروستكران، ئەمساڵ بۆ یەكەمجارە ئاو لەو بەنداوانە گلدەدرێتەوە، کە سوودێکی باشیان بۆ ناوچەكە دەبێت.
 
بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان لە گڵ و بەرد دروستکراوە و بەرزییەکەی 42 مەترە و پانییەکەی 260 مەترە، توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. جگە لە باران؛ سەرچاوەی سەرەکیی بەنداوەکە کانیاو و چەمە وەرزییەکانی سنووری قەرەداخە.
 
بەنداوی تووڕەجاڕ لە سنووری شيخ تەوێڵ لە گەرمیان، توانای گلدانەوەی ملیۆنێک و 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە مانگی 12 ساڵی رابردوو تەواوبووە و ئێستا سەرڕێژ بووە.