دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆدەبنەوە

07-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو - هەولێر 

بڕیارە رۆژی چوارشەممە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن لە شاری هەولێر کۆببنەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: " کۆبوونەوەکە لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە."
 
رۆژی سێشەممە 07-03-2023، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە."
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوکە، زیاد جەبار گوتی: "لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە."
 
رۆژی 28-02-2023، لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن یەکێتی و پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتی شێوازی بەشداریکردنی پێکهاتەکان کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
 
زانا مەلا خالید گوتی: "لە ماوەی رابردوودا لەسەر بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و شێوازی هەڵبژاردن ناکۆکیمان هەبوو، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردنی تێرو تەسەل لەسەر زۆربەی هەرە زۆری خاڵەکان رێککەوتین و لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان دروستکردووە." 
 
یەکێتی داوا دەکات لە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان چوار کورسییان بۆ پارێزگای سلێمانی بن و پارتیش دەڵێت، لەگەڵ داوای پێكهاتەکاندان. لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی: "لەسەر بابەتەکانی سیستمی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و داتاکانی حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر بازنەکاندا رێککەوتین."
 
بڕیار بوو رۆژی شەممە 04-03-2023 لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن یەکێتی و پارتی  کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی رەوشی تەندروستی رزگار حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممە 6ی ئەم مانگە دواخرا و دواتر بە هەمان هۆکار جارێکی دیکە کۆبوونەوەکەیان دواخست.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە