بابەکر زێباری: وەزیری بەرگریی ئەمریکا دۆستایەتییەکی لەمێژینەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ هەولێر بە "گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا ناودەبات" و دەڵێت: "وەزیری بەرگریی ئەمریکا دۆستایەتییەکی لەمێژینەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە و هاوکاری زۆری کردووین".
رۆژی سێشەممە، 07-03-2023، بابەکر زێباری، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە میوانی بوولتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سیما ئابخێزی پێشکێشی دەکات، لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند: "رێککەوتنێکی سیتراتیژی لەنێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکادا هەیە و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی عێراق پێویستی پێی هەیە".
بابەکر زێباری گوتی: "ئێستا ئەمریکا هاوکارییەکی جیدی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات لە بوارەکانی هەواڵگری و ئاسمانییەوە بۆ سەرکەوتن لە شەڕی دژی داعش".
لەبارەی هۆکاری پێنەدانی چەکی کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بابەکر زێباری رایگەیاند: "ئەمریکا کۆمەڵێک کەرەستەی سەربازی داوەتە پێشمەرگە و مانگانەش هاوکاری دارایی پێشمەرگە دەکات، بەڵام بۆ پێدانی درۆن و کامێرای گەرمبین و کۆمەڵێک چەکی بەرگری، پێویستە عێراق رەزامەندی بدات و هەر ئەوەش وایکردووە هەندێکجار ئاستەنگ دروستبێت و گەیشتنی هەندێک چەک و پێداویستی دوابکەوێت".
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا زۆرن؛ بۆیە پێویستە بۆ بابەتی پڕچەککردنی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا کۆببینەوە و بە روونی ئەو بابەتانە باسبکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. پێویستە حکومەتی عێراق چۆن هاوکاریی سوپای خۆی دەکات، بەو شێوەیەش هاوکاریی پێشمەرگە بکات. بەپێی دەستووری عێراق، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و پێویستە جیاوازییان نەکرێت".
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بابەکر زێباری دەڵیت: "بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 دروستنەبووە، پرۆسەکە قورس و کاتبەرە و بە تێڕوانینی من یەکگرتنەوەی ئەو دوو یەکەیە و خستنەوەی تەواوەتییان بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە، چوار بۆ پێنج ساڵ کاتی دەوێت".
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. وەکو بابەکر زێباری ئاماژەی پێدەدات: "وەزیری بەرگریی ئەمریکا دۆستێکی لەمێژینەی ئێمەیە و حەوت ساڵ لە بەغدا لەگەڵمان بووە".
بابەکر زێباری گوتیشی: "لۆید ئۆستن زۆر دۆستی پێشمەرگە بووە و هاوکاری زۆری کردووین و چەندین جاریش کە لە عێراق بوو، لەگەڵ من هاتووەتە هەرێمی کوردستان و سەردانی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کردووە".