دەزگای خێرخوازیی بارزانی: رۆژانە لە عەفرین نان بەسەر 3830 خێزاندا دابەش دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

مانگێک بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستاندا تێدەپەڕێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیمێکی لە رۆژئاوای کوردستانە و هاوکاریی مرۆیی پێشکێش دەکات. بەرپرسی تیمەکە دەڵێت، رۆژانە چوار تۆن ئارد دەکەنە نان و سەر خێزانەکانی سنوورەکەدا دابەشی دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 7-3-2023، ئازاد مەحموود، بەرپرسی تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین و جندرێس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەردەوامین لە دابەشکردنی هاوکارییەکانمان لە عەفرین و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری. خەڵکی ئێرە بەشێوازێک پێشوازیمان لێدەکەن کە تووشی شۆکیان کردووین." 
 
سەنتەری عەفرین و چوار ناحیە و نزیکەی 300 گوند ئەو شوێنانەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکارییان پێدەگەیێنن. ئازاد مەحموود گوتی: "ئەو کەسانەی لە شارەکان بەهۆی بوومەلەرزەوە بێ ماڵ ماونەتەوە چوونەتە گوندەکان. ئێمە هەر رۆژە و تیمێکی تەندروستیمان دەچێتە دوو گوند، لەوێ نەخۆش دەبینن و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەن." 
 
تاوەکو دوێنێ 52 بارهەڵگر هاوکاریی دەزگاکە گەیێندراوەتە سنووری عەفرین. بەرپرسی تیمی دەزگاکە دەڵێت، جیاواز لەو هاوکارییانە رۆژانە چوار تۆن ئارد دەکەن بە نان و دابەشی دەکەن بەسەر 3 هەزار و 830 خێزانی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکەدا.
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو دوێنێ دووشەممە هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە 237 هەزار و 141 خێزان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان؛ هەروەها ئەمڕۆ 12 بارهەڵگر هاوکارییان گەیشتووە بۆ دابەشکردنی بەسەر زیانلێکەوتوواندا، کە شەش بارهەڵگریان بۆ باکووری کوردستان و شەشەکەی دیکەش بۆ سنووری عەفرینە.
 
کۆی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان تاوەکو یەکشەممە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
 
- 129 هەزار ژەمە خۆراکی گەرم
- 47 هەزار و 136 بەتانی، دۆشەک و سەرین
- 48 هەزار و 48 سێت ئاوی خواردنەوە
- 25 هەزار و 192 ژەمە خۆراکی وشک
- 20 هەزار و 857 ژەمە خۆراکی خێرا
- نۆ هەزار و 139 هاوکاریی پزیشکی
- حەوت هەزار و 40 جلوبەرگی جۆراوجۆر
- چوار هەزار و 231 خێوەت
- 500 هەزار لیرەی تورکی، پارەی کاش
- هەشت هەزار و 802 پاکێجی منداڵان و شیری منداڵان
- 220 بابەتی پێویستیی نێوماڵ
- 100 ئامێری بیناسازی
 
رۆژی 6ی ئادار، مانگێک بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستاندا تێپەڕی کە کاریگەریی لەسەر رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاش هەبوو.
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 51 هەزار کەس لە تورکیا، سووریا، باکوور و رۆژئاوای کوردستان.