رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستاندا موڵکیان هەیە و بە گوێرەی نرخی رۆژ کرێ لەسەر کرێچییەکانیان دادەنێن.
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە کرێی موڵکەکانی وەزارەتەکە. رۆژی سێشەممە 7ـی ئاداری 2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەکە لە هەر چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکەدا دەستی بەکارەکانی کردووە."
موڵکەکانی وەزارەتی ئەوقاف جۆراوجۆرن، لەوانە شوقە، دووکان و زەوی کشتوکاڵی.
نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، ئامانجی وەزارەتەکەیان زیادبوونی داهاتە بەگوێرەی رۆژ و گوتیشی: "لە هیچ شوێنێک نرخ هێندە بەرز ناکەینەوە کە کرێچی نیگەران بێ و زیانی بەربکەوێت، بەڵام ناشکرێ بە کرێی ساڵانی لەمەوبەر کە زۆر کەمە کرێچی بەردەوامبێ لە کارکردن لە موڵکەکانی ئەوقاف."
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لەنێوان 5 بۆ 6 هەزار موڵکی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، بە تەواوبوونی پێداچوونەوەکە داهاتیان "چەند هێندەیەک زیاد دەکات."
پارەی داهاتی موڵکەکانی وەزارەتی ئەوقاف ناخرێتە نێو داهاتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل: "داهاتی موڵکەکان لە سندووقێکی پارێزراودا کە حساب بانکی وەزارەت دەبێت هەڵدەگیرێت. وەزارەت مافی خەرجکردنەوەی هەیە و بۆ پێداویستییەکانی موڵکەکانی و وەزارەتەکەی خەرجی دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ