سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەمریکا کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە هەولێر کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەروەها شەڕی داعش و چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێ کران. دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 7-3-2023) بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە عێراق، لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە دواتر هاتە هەولێر.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لۆید ئۆستن باسی رۆڵی وڵاتەکەی کرد لە شەڕی دژی داعش، هەروەها بەشێکی گوتەکانی تەرخان کرد بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی عێراقی (ئەوانەی چەکداری داعش یان کەسوکاریان بوون) لە گرتووخانەکانی سووریا.
 
وەزیری بەرگری ئەمریکا لە بەغدا سەبارەت بە هاوکارییەکانی هێزەکانیان لە شەڕی دژی داعش گوتی "لەرێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی داعش، زیاتر لە 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لەدەست داعش رزگار کرد، لەگەڵ ئازادکردنی زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار عێراقی لەچنگە بێبەزەییەکانیان".
 
باسی ئەو هێزانەشی کرد کە هەماهەنگن لە لەنێوبردنی داعش و رایگەیاند "هێزە نیشتیمانییەکانی عێراق لەنێویاندا هێزی پێشمەرگە، هەنگاوی گەورەیان هاویشتووە لە پێشکخستنی تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەمڕۆکەش ئەوان پێشڕەوی دەکەن. بەڵام تەنیا کرداری سەربازی بەس نییە بۆ کۆتایی یەکجارەکی داعش".
 
ئەمریکا لەڕێگەی وەزیری بەرگرییەوە جەخت دەکاتەوە "هێزەکانی ئەمریکا ئامادەن لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە عێراقدا بمێننەوە"، دەشڵێ "ئەو هێزانەش لە چوارچێوەی هێزی ناشەڕکەر و رۆڵی راوێژکاری و هاوکاری سەربازی دەمێننەوە. بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژ بە تیرۆر. ئەمە ئەرکێکی گرنگە و ئەمریکاش شانازی دەکات هاوکاری عێراقە هاوبەشەکانمان بکەین، بەڵام دەبێ ئێمە لە شوێنێکی سەقامگیر و سەلامەتدا کار بکەین".