ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: بازرگانان نەوتی سپی هەناردەی ئەفغانستان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای دەکات، چەند بازرگانێک نەوتی سپی بەناوی هەرێمی کوردستان دەکڕن، بەڵام هاوردەی هەرێمی کوردستانی ناکەن و لە جیاتی ئەوە دەینێرن بۆ ئەفغانستان.
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان بۆمان دەرکەوت بەشێک لە بازرگانەکانی سلێمانی نەوتی سپی رەوانەی ئەفغانستان دەکەن، چونکە لەوێ نرخی نەوتی سپی گرانترە و قازانجی زیاتری لێدەکەن".
 
هەر بازرگانێک مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین و گازوایل وەربگرێت، دەبێت بڕێک نەوتی سپیش بکڕێت و هاوردەی بکات، بەڵام کەریم عەلی دەڵێت: "هەندێک لەو بازرگانانە نەوتە سپییەکەیان لە هەرێمی کوردستان نافرۆشن و لە رێگەی دەروازەی سنووری باشماخەوە دەینێرن بۆ ئێران پاشانیش بۆ ئەفغانستان".
 
بەڵام ئیسماعیل عەلی، گوتەبێژی دەروازەی سنووری باشماخ بە رووداوی راگەیاند: "نەمانزانیوە و ئاگادارنین لە سنووری دەروازەکەی ئێمەوە نەوتی سپی بڕوات بۆ ئێران".
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەشێک لەو بازرگانانە نەوتە سپییەکە لە ئێران دەکڕن و نایهێننە هەرێمی کوردستان و راستەوخۆ دەیبەن بۆ ئەفغانستان.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدات ئەگەر رێگری لەو کارە نەکرێت، نرخی نەوتی سپی گران دەبێت.