نادیە موراد نامەیەکی کراوە دەداتە پاپا فرانسیس


رووداو دیجیتاڵ

نادیە موراد، چالاکڤانی کوردی ئێزدی و براوەی نۆبڵی ئاشتی لەگەڵ 34 رێکخراو و گرووپی ناحکومیی عێراقی و نێودەوڵەتی واژۆی کردووە بۆ ناردنی نامەیەکی کراوە بۆ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کە بە سەردانێک لە عێراق و هەرێمی کوردستانە.
 
بەپێی میدیای ڤاتیکان، لە نامەکەدا، نادیە موراد، رێکخراو و گرووپەکان، داوای لێدەکەن زامنی پاراستنی کەمایەتییەکانی عێراق بکات کە رووبەڕووی ھەڕەشە دەبنەوە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەھۆی کۆمەڵێک یاسا کە بەپێی گوتەی نادیە موراد "یاسای ستەمکارن".
 
نادیە موراد بەناوی رێکخراوی "دەستپێشخەرییەکانی نادیە" کە رێکخراوێکی ناحکومییە و لە ساڵی 2018 بۆ داکۆکیکردن لە مافی رزگاربووانی کچان و ژنانی کوردی ئێزیدی لە تووندوتیژیی سێکسی و دووبارە بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان لە کاتی قەیرانەکاندا، دایمەزراند، واژۆی لە لیستی ئەو رێکخراوانە کردووە کە نامەیان بۆ پاپا فرەنسیس ناردووە. 
 
لە نامەکەدا، نادیە موراد و رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەداوە؛ سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق لە کاتێکی ھەستیار دێت. ھاوکات ھەل و دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتیی و تەبایی و کاری پێکەوەیی بۆ بەرگرتن لە تاوانی گەورە کە دەبێتە ھۆی نەھامەتی بۆ نەوەکانی داھاتوو. 
 
جەخت لەوەشکراوەتەوە، داپڵۆسێن و ھێرشی تووند لە دژی کەمایەتییەکانی عێراق لەسەر بنەماکانی بیروباوەڕی ئایینی روو لە ھەڵکشانی بەردەوامدایە و ئەم دۆخەش کەمایەتییەکان ناچار دەکات خاکی باوک و باپیرانیان جێبھێڵن و کۆچ بکەن بەرەو دەرەوەی وڵات. 
 
لە نامەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە سەرباری شکستی داعش لە رووی سەربازی و لەدەستدانی خاک، بەڵام ھەڕەشەکانیان تاوەکو ئێستاش بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی تاوانی داھاتوو. ھاوکات گوتاری رق و کینە لەلایەن بەشێک لە پیاوانی ئایینییە پەڕگیرەکان و دەمارگیری ریشەییش لە دژی کەمایەتییەکان بەردەوامە. 
 
نادیە موراد، دوو جار لەگەڵ پاپا فرەنسیس کۆبووەتەوە. جاری یەکەم رۆژی 3ـی ئایاری 2017 بوو. جاری دووەمیش لە رۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2018 بە بەیاوەریی ھاوژینەکەی ئەنجامیاندا و چیرۆکی کەسیی خۆیان بۆ گێڕایەوە. 
 
نادیە موراد ساڵی 1993 لە گوندی کۆچۆ لە شارۆچکەی شنگال لەدایکبووە. چالاکڤانی کوردی ئێزیدییە و ساڵی 2016 کرایە باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان. رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2018 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت. 
 
لەکاتی کۆنترۆڵکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، نادیە موراد و دایک و شەش براو خوشکی و خەڵکی گوندەکەی دیلی دەستی داعش بوون. دوای ماوەیەک توانی خۆی لەژێر دەستیان رزگاربکات و دواتر روویکردە ئەڵمانیا و چارەسەری دەروونی و جەستەیی بۆ کرا بەھۆی ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی چەشتبووی.  

 

تەواوی زانیارییەکان لەبارەی سێیەم رۆژی سەردانی پاپا فرانسیس لە هەرێمی کوردستان و عێراق