ئەردۆغان دەچێتە رووها

07-02-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەرنامەی ساڵڕۆژی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی ساڵی رابردووی مەڕەش، سەردانی پارێزگای رووهای باکوری کوردستان دەکات.
 
ئەردۆغان رۆژی سێشەممە 6-2-2024، لە ساڵڕۆژی بوومەلەرزەکەدا سەردانی شاری مەڕەشی باکووری کوردستانی کرد و ئەمڕۆ چوارشەممەش دەچێتە رووها.
 
ئەردۆغان کاژێر 14:00 لە رێوڕەسمێکدا کە لە هۆڵی داخراوی وەرزش لە شاری رووها بەڕێوەدەچێت، بەربژێرەکانی ئاکپارتی بۆ 13 ناوچەی رووها دەناسێنێت؛ دواتر لە کاژێر 16:00دا لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی حەڕان بەشداری لە رێوڕەسمی رادەستکردنی کلیلی ژمارەیەک خانوو بە زیانبەرکەتووانی بوومەلەرزەکە دەکات. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی پێنجشەممە 8ی شوباتی 2024 دەچێتە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان و رۆژی هەینی 9ی شوبات سەردانی پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان دەکات.
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6-2-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 
 
لە ئەنجامدا 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو و نزیکەی شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە بەشێکی زۆریان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە