لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان: بە تەکنیکێکی مەترسیدار بەشێک لە پەیجەکانی فەیسبووک سزادراون


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، هەڵمەتێک بۆ سووتاندن و سزادانی پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیای فەیسبووکی بەشێک لە دەزگاکانی میدیا لە سنووری سلێمانی هەیە. دەشڵێت: "تەکنیکێکی مەترسیدار بەکاردەهێندرێت، بۆ ئەو مەبەستە بەنیازین ناڕەزایەتییەک بدەینە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ ئەوەی بزانین هۆکار چییە و کێ ئەو کارە دەکات."

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە بەشێک لە سۆشیاڵ میدیا و بە دیاریکراوی پەیجی دەزگاکانی راگەیاندن و میدیا لە پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی سزای جۆراوجۆر لەلایەن کۆمپانیای مێتا بوونەتەوە، سزاکانیش لە سزادان و رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی پۆست بۆ ماوەیەک، سووتاندن، نەبینینی پۆستەکان و شتی دیکەش هەیە."
 
سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پێیوایە: "ئەوەی روودەدات ئاسایی نییە و گومانمان زۆرە هەڵمەتێک هەبێت، بەڵام هێشتا سەرچاوەکەی دیارنییە ئاخۆ لە دەرەوەیە یان لە کوردستانەوەیە، ئێمە هەوڵی چارەسەریشمان داوە، بەڵام هەوڵەکانمان سوودی نەبووە."
 
ئەو بەرپرسەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان باسی لەوە کرد، چەندین دەزگای راگەیاندن و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا رووبەڕووی سزا بوونەتەوە لەنێو ئەوانەدا دامەزراوەی میدیایی دیار و کەناڵی ئاسمانی هەن، کە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کاردەکەن.
 
کاروان ئەنوەر گوتی: "بەنیازین لائیحەیەک بدەینە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکات و هۆکار و سەرچاوەی کێشەکە روونبکاتەوە، چونکە لەوە ناچێت ئەم کارە ئاسایی بێت و دامەزراوەیەک و دووانی میدیایی نییە."
 
پەیجی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، یەکێکە لە پەیجە سزادراوەکان، کە بۆ ماوەی مانگێک ناتوانێت هیچ پۆستێک بکات. کاروان ئەنوەر گوتی: "پەیجی ناسراو هەیە کە ملیۆنێک زیاتر کەس فۆڵۆیان کردووە، کەچی هەر سووتێندراوە."
 
ئەو بەرپرسەی سەندیکا باسی پەیجەکەی سەندیکای کرد و گوتی: "ئێمە تەنیا شتی فەرمی، نووسراو، ئاگاداری، هاوسۆزی لەگەڵ رۆژنامەنووسان لەکاتی پرسە، یان هەر شتێکی پەیوەست و بە سنوورداری پۆست بڵاودەکەینەوە، واتە شتی قەدەخە دانانێین، بەڵام بۆ ماوەی یەک مانگ سزادراوین و ناتوانین هیچ پۆستێک بکەین."
 
کاروان ئەنوەر بەهۆی سزادانی پەیجی لقی سلێمانیی سەندیکا بە ناچاری راگەیێندراو و بڵاوکراوەکەی لقەکەی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاودەکاتەوە.
 
سەندیکای رۆژنامەنووسان هیچ ئامارێکی لەبارەی ئەو دەزگا میدیاییانە نەدا کە سزادراون و گوتی ئەوەیان تۆمارنەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوە کرد، "ئەوەشی سزا نەدرابێت هۆشداریی بۆ هاتووەتەوە، بە نموونە پەیج هەیە 100 هەزار لایکی هەیە و پۆستەکانی نابینرێت، گەیشتە ئەوەی سپۆنسەرکردنی پەیجەکانیش سوودی نییە، بۆیە دەمانەوێت بەدوای بابەتەکەدا بچین."
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 2500 رۆژنامەنووس هەیە و زیاتر لە 100 دامەزراوە و پەیجی هەواڵی هەن.