چیرۆکەکان دوای ساڵێک؛ ژیانی منداڵێکی 11 ساڵ کە هەموو خێزانەکەی لەدەستداوە

07-02-2024
ژیڤان بەکر
ژیانی سەمیح ی 11 ساڵان، ساڵێک دوای بوومەلەرزەکە
ژیانی سەمیح ی 11 ساڵان، ساڵێک دوای بوومەلەرزەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەمیح ئێگە ئینجەی تەمەن 11 ساڵ، لە بوومەلەرزەکەی دیلۆک لە 6ی شوباتدا کەوتە ژێر داروپەردوو. پاش 155 کاژێر، لەژێر داروپەردوو هێنرایە دەرەوە. یەکەم شت کە داوای کرد، دۆندرمە و ئاو بوون. ئەو نەیدەزانی لەنێو خێزانەکەیدا، تەنیا ئەو زیندوو ماوەتەوە.
 
لە بوومەلەزەکەدا دایک، باوک و خوشکی سەمیح گیانیان لەدەستدا. ئێستا سەمیح لە قەزای نوورداخ لەگەڵ خاڵیدا دەژی. 
 
ئەو باسی کاتی رزگارکردنی دەکات و دەڵێت، "من لەژێر داروپەردوودا برسیم دەبوو و دەنووستم. لەپڕ گوێم لە دەنگێک بوو و دەنگی پیاوێک بوو. بانگم کرد؛ بەڵام دەنگی لێوە نەهات. کونێکی لە دیوارەکەدا کردەوە و منی برد بۆ لای خۆی. ماسکێکی پێدام بۆ ئەوەی هەناسە بدەم. پاشان منی رزگار کرد."
 
لە بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، خەڵک نەک هەر ئازیزانیان، بەڵکو ماڵ و حاڵیشیان لەدەستدا. 
 
چیرۆکەکە لە بازاڕی شاری مەلەتی جیاوازترە، لەوێ هەموو دووکانەکان وێران بوون، دووکاندارەکان بێ کار مانەوە. هەندێکیان دووکانەکانیان دووبارە لە کۆنتێنەردا کردووەتەوە. هەندێکیشیان دوای ساڵێک، هێشتا چاوەڕێی ئەوەن دووکانێکیان بۆ دروست بکرێت. 
 
ئەرداڵ یەڵماز، پیاوێکی دووکاندارە، دەڵێت، "ئەم ناوچەیە هەمووی دووکان بوون. بازاڕی ئاسنگەر، کوتاڵفرۆش، پێڵاو و خواردن بوون. مخابن بوومەلەرزە وەک زۆربەی پارێزگاکان، کاریگەرییەکی زۆری لە مەلەتی کرد. ئێمە هێشتا لەنێو پاشماوەی بوومەلەرزەدا دەژین."
 
لە ساڵیادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ناحیەی تاتوانی سەر بە پارێزگای بەدلیس، کۆمەڵەی چالاکانی دەریاچەی وان، یادی ئەو کەسانەیان کردەوە کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا.
 
دلروبا ئەرجان، یاریدەدەری سەرۆکی کۆمەڵەی چالاکانی دەریاچەی وان دەڵێت، "ساڵڕۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەشە، زیاتر لە 50 هەزار کەسی ئێمە گیانیان لەدەستداوە. بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانەی لەو کارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆ قەرەنفلمان فڕێدایە ناو دەریاچەی وان."
 
بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی 6ـی شوبات لە باکووری کوردستان و تورکیا چەقەکەی مەرەش بوو کە رۆژئاوای کوردستان و سووریایشی گرتەوە. بەهۆیەوە زیاتر لە 59 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
 
بوومەلەرزە بەهێزەکەیان بە گوڕی 7.8 پلە بوو، پاشان چەند پاشلەرزەیەکی هەبوون کە نزیکترینیان لە بوومەلەرزەکە گوڕەکەی 7.6 پلەی رێختەر بوو. 
 
6ـی شوبات ساڵڕۆژی ئەو رووداوە بوو، تائێستا 100 هەزار مرۆڤ چاوەڕێی ئەوەن برینیان ساڕێژ ببێت و سەدان هەزاری دیکە ماڵێکیان هەبێت کە تێیدا بژین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جیاکردنەوەی دەنگەکانی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی سیستەمی (هێر)ـە

بەهای کورسی لە دهۆک زیاتر لە 16 هەزار و لە هەڵەبجە زیاتر لە 6 هەزار دەنگ دەبێت

بەپێی شیکارییەک بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021ـدا، نرخی کورسی لە چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جیاوازە، بەجۆرێک لە دهۆک بەهای کورسی لە سەرووی 16 هەزار دەنگ دەبێت و لە هەڵەبجە زیاتر لە شەش هەزار دەنگ دەبێت، بەو مەرجەی رێژەی بەشداری و دەنگی بەتاڵ هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2021 بێت.