رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی زمێ هاونیشتمانییان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی گەورە رێگەی گوند دەکەنەوە کە بە بەفر داپۆشراوە.
زەمێ لە بناری شاخی رندۆڵە سەر بە شاری شنۆ و ئامرازی ماڵینی بەفری رێگەکانی نییە. لە زۆر گوندی دیکەش بەفر رانەماڵراوە و خەڵک خۆیان رێگەکان دەکەنەوە. لەوانە گوندی دۆڵەتوو سەر بە شاری سەردەشت.
هەر لە سەردەشت، چەند رۆژێکە دۆخی دەروازەی سنووریی کێلێ زۆر خراپە. بەفر و کڕێوە هەموو جارێ رێگەکەی پڕدەکاتەوە و رێگە دەگیرێت؛ لەم چەند رۆژەدا زۆر شۆفێر لەم رێگەیەدا رزگارکراون.
نەبوونی رێگەوبان دەکرێت کێشە بۆ خەڵکی گوندەکانی وەک قەمتەرێش دروست بکات. ئەگەر کەسێک نەخۆش یان تووشی بارێکی لەناکاو بێت، ئەستەمە بتوانرێ لە وادەی خۆیدا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
بەڵام لە ناوچە باکوورییەکانی پارێزگەی ورمێ، بارودۆخ بە جۆرێکی دیکەیە. لە گوندی مەخموور سەر بە شاری ماکۆ ماوەیەکی زۆرە رەوش بەجۆرێکە کە بەفر هێندەی باڵای هەندێک لە دارەکان کەوتووە، لەبەر سەرمای ئەم ناوچەیەش جارێ بارودۆخەکە هەر وا دەبێت.
لەم سەرمایەدا هاونیشتمانییانی گوندی حاخی بایرام لە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، زیاتر لە سێ هەفتەیە ئاویان نییە و بە دەبە ئاو دەبەن. بۆڕییەکانی ئاو هەموویان بەستوویانە.
رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی ورمێ رایگەیاند، رێگەی 129 گوندی پارێزگا لەبەر بەفر داخران، هەندێ رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانیش داخران، وەک خۆی بۆ چاڵدێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ