سەرۆک بارزانی و یەشار گولەر جەخت لە هەماهەنگیی هاوبەش دەکەنەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆك بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی توركیا و شاندی یاوەری کرد، لە کۆبوونەوەیەکیشدا جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان تورکیا، عیراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری.
بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 7-2-2024) سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە مەتین گوراك، سوپاسالاری توركیا، عەلی رەزا گیونەی، باڵیۆزی توركیا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی توركیا.
وەزیری بەرگریی تورکیا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە رۆژی 6-2-2024 لە بەغدا بوون، لەوێ بەجیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبوونەوە.
ئێوارەی دوێنێش گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەكەدا سەرۆک بارزانی و شاندەکەی تورکیا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەكانی تیرۆر، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا ئاڵوگۆڕكردووە.
بارەگای بارزانی هەروەها دەڵێ "لەو دیدارەدا جەخت لە هەماهەنگیی نێوان توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئەویش لەپێناو دەستەبەركردنی سەقامگیری و بووژانەوە و كاری هاوبەشی نێوانیان."
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و، پێشڤەچوونی ئەو پەیوەندییانە تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.