بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات؛ لە رووداوەوە بۆ هەموو جیهان


رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات کە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریای هەژاند بووەتە یەكێک لە رووداوە هەرە کاریگەرەکانی میدیای جیهانی لە ماوەی دەیەی رابردوودا. لە سەرتاسەری جیهانیشەوە میدیاکان لە چاوی رووداوەوە دیمەنی هەڵمەتی رزگارکردنیان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە بۆ بینەرەکانیان گواستەوە. 
 
ئاژانسە هەواڵییەکانی ئەسۆشیەتید پرێسی ئەمریکی، فرانس پرێسی فەرەنسی و رەپتلیی رووسی بەشێکن لە دیارترین ئاژانسەکانی جیهان کە تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەشیی لەگەڵیاندا هەیە. چەندین کەناڵی جیهانی ئەو دیمەنانەیان گواستەوە کە لەلایەن ئەم ئاژانسانەوە لە رووداوەوە وەرگیرابوون. 
 
CNNـی ئەمریکی، BBCـی بەریتانی، جەزیرەی عەرەبی، ئەلعەرەبیەی عەرەبی، Sky Newsـی بەریتانی، حەدەسی عەرەبی و France 24ـی عەرەبی بەشێک بوون لەو کەناڵە جیهانییانەی رووداویان وەکو سەرچاوەی زانیاریی و دیمەنی بوومەلەرزەکە بەکارهێنا. 
 
سەرەنجام، پێشاندانی ئەو وێرانییەی لە باکووری کورستان و تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەوە روویداوە، بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە قەبارەی کارەساتەکە بزانن و دەستبەجێ دەیان تیمی هاوکاری و فریاکەوتن لە دەیان وڵاتی جیهانەوە بنێرن.
 
رووداو، هاوکات لەرێگەی هاوبەشەکانییەوە، سات بە سات دیمەن و زانیاری لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە گواستەوە و نەبوونی هیچ نووسینگەیەکی فەرمی لە رۆژئاڤا و سووریا نەبووە رێگر لەوەی لێقەوماویی هاونیشتمانییان بخاتەڕوو. 

 

 
 
تیمی رووداو لە باکووری کوردستان و تورکیا
 
تۆڕی میدیایی رووداو بە شەش تیمەوە بە پەیامنێر و کامێرامانەوە لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵیش رووماڵی دەرهاوێشتەکانی بوومەلەرزەکەیان کرد. 
 
لە هەریەکە لە شارەکانی مەرەش، دیلۆک، ئامەد، رووها و سەمسووری باکووری کوردستان تیمەکانی رووداو بەردەوام دیمەنی نوێ و زانیاریی نوێ دەگوازنەوە. لەنێویدا، لە هەریەکە لە شارەکانی ئامەد و رووها بەشێوەیەکی راستەوخۆ 24 کاژێر دیمەنەکانیان گواستەوە و ئاژانس و میدیا نێودەوڵەتییەکانیش لەرێگەی رووداوەوە دیمەنەکانیان بۆ بینەرەکانیان گواستەوە. 
 
لە شاری سەمسوور، هەرچەندە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، تاوەکو تیمی رووداو نەچوونە شارەکە، هیچ تیمێکی بەهاناوەچوون بۆی نەنێردرابوون. لەدوای ئەوەی تیمی رووداو گەیشتنە شوێنەکە و دیمەنی ئەو وێرانییەیان گواستەوە کە بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکەوە روویداوە، حکومەتی تورکیا تیمی بەهاناوەچوونی ناردە شوێنەکە. تاوەکو ئێستا تەنیا سەمسوور تەرمی 720 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکان دەرهێندراون و 400 کەسی دیکەش بە برینداری رزگارکراون. 
 
ملیۆنان بینەر و خوێنەر 
 
لە پۆرتاڵی رووداو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش رووداو بووە سەرچاوەی هەرە خوازراوی تەماشەڤانان و خوێنەرانی هەواڵ.
 
رووداو دیجیتاڵ کە بەشێکی چالاکی تۆڕی میدیایی رووداوە، هەر لە ساتی بوومەلەرزەکەوە لایڤ بلۆگێکی کردەوە و سات بە سات رووماڵی بوومەلەرزەکە و دەرهاوێشتەکانی کرد، هاوکات چرکە بە چرکە هەواڵی نوێکراوی لە پۆرتاڵەکەی دابەزاند و خوێنەرەکانی لە چاوەڕوانیدا نەهێشتنەوە. لەو لایڤ بلۆگەدا، رووداو دەیان هەزار خوێنەری هەبوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. 
 
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک سێ ڤیدیۆی رووخانی باڵەخانەکان و کاریگەریی بوومەلەرزە لە باکوور و باشووری کوردستان، زیاتر لە دوو ملیۆن بینەریان هەبووە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا. 
 
ڤیدیۆیەکی دیکە لەبارەی ناردنی تیمێکی تەندروستی لە باشووری کوردستانەوە بۆ باکووری کوردستان لە پلاتفۆڕمەکانی رووداو لە سۆشیاڵمیدیا زیاتر لە ملیۆنێک بینەری هەبووە و گەیشتووەتە دەستی چەندین ملیۆنی دیکە.
 
ڤیدیۆی رزگارکردنی منداڵێک کە لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنەوە دراوەتە ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو زیاتر لە 4 ملیۆن بینەری هەیە:
 
ئەوەش جگە لە پێشاندانی نەهامەتیی هاونیشتمانیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی سووریا کە ملیۆنان بینەریان هەبووە؛ وێنەکانی رزگارکردنی منداڵێک لە جندرێسی هەرێمی عەفرین تەنیا لە پەڕەی رووداو سۆرانی لە فەیسبووک گەیشتووەتە دەستی زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار بینەر.
 
 
رووداو ئەندامە لە کۆمەڵەی ئەوروپیی ئاڵوگۆڕی هەواڵ
 
بەهۆی رووماڵی سەركەوتووی شەڕی داعش، لە 1ی نیسانی 2015 تۆڕی میدیایی رووداو بووە ئەندامی كۆمەڵەی ئەوروپیی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ENEX وەك دووەم تەلەڤزیۆنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نووسراو لە 9ی تشرینی دووەمی 2016 بووە هاوبەشی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پرێس. بەوشێوەیە رووماڵەكانی رووداو بە لۆگۆی رووداوەوە چوونە سەر شاشەی هەزاران تەلەڤزیۆن لە جیهاندا.
 
جگە لە رووماڵی شەڕی داعش، رووماڵی رووداو بۆ خۆپێشاندانی راستڕەوەكان و چەپڕەوەكان لە دوو خۆپێشاندانی بەرامبەر یەكدیدا لە شاری لەندەن لە رۆژی 16ی تەممووزی 2016 لە رووداوەوە گوێزرایەوە لەلایەن ئاژانس و میدیاكانی جیهانەوە؛ هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ لە شەوی 28ی حوزەیرانی 2016 رووداو بووە سەرچاوەکەی؛ لە كاتی كودەتای توركیا لە شەوی 15ی تەممووزی 2016 دیسانەوە رووداو بووە سەرچاوەیەكی گرنگ؛ لە كاتی هەڵكوتانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ سەر پەرلەمانی عێراق و دەستگرتن بەسەر هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 31ی نیسانی 2016، رووداو تاكە سەرچاوەی گواستنەوەی ئەو رووداوە بوو بۆ جیهان. لەگەڵ دەیان رووداوی گرنگی دیكە. هەروەها سەتان ڤیتی و ڤیدیۆ كە لە سەتان تەلەڤزیۆنی جیهاندا بڵاوكراونەتەوە.
 
دوایین جار، لە کۆتایی مانگی ئابی 2022 دا میدیای هەرێمی و جیهانی بە بایەخەوە رووماڵی گرژییەکانی عێراقیان کرد و تۆڕی میدیایی رووداویش بووە سەرچاوەی ئاژانسە هەواڵییە هەرێمی و جیهانییەکان لە گواستنەوەی دیمەنی راستەوخۆی شەڕ و پێکدادانە خوێناوییەکانی نێوان لایەنگرانی سەدر، هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ناوچەی سەوز.