نێردراو و پەیامنێرانی رووداو لەنێو ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان چیرۆکەکانی لێقەوماوان دەگوازنەوە

07-02-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن بوومەلەرزە باکووری کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سات لە دوای سات، لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، باکوور و رۆژئاوای کوردستان زیاتر دەردەکەون و ژمارەی قوربانییەکان زیاتر دەبن. نێردراو و پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان، سات بە سات هەواڵ و زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو کارەساتە سرووشتییەوە دەخەنەڕوو.
 
مەڕەش؛ خەڵک لە برسا مارکێتەکان دەبڕن
 
شەوکەت هەرکی، نێردراوی رووداو لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان، لەبەردەم باڵەخانەیەکی وێرانبوودا لە ناوەڕاستی شارەکەوە قسەی کرد و گوتی "حکومەتی تورکیا دەڵێ 300 باڵەخانە رووخاون، بەڵام پێدەچێت زیاتربێت، چونکە شارەکە وێران بووە، هەروەها خەڵکێکی زۆر لەبن داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون".
 
 
شەوکەت هەرکی ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوەندی شارەکە، ئینتەرنێت پچڕاوە و ئاویش بڕاوە، خەڵک خواردنیان لێبڕاوە و دەچن جامی مارکێت و دووکانەکان دەشکێنن بۆ ئەوەی خواردنیان دەستبکەوێت.
 
لەوکاتەدا کە پەیامنێری رووداو قسە دەکات، سوپەرمارکێتێک بەناوی (فرسەت) دەبینێت، لە جامخانە شکاوەکەیەوە دەچێتە ژوورەوە، وەک لە کامێرای رووداودا دەردەکەوێت هەموو رەفەکانی سوپەرمارکێتەکە بەتاڵن و هیچیان تێدا نییە، کەمێک لە ژوورتر، پیاوێکی بەساڵاچووی بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت، پیاوەکە بە شەوکەت دەڵێ "دەبینی ئێرە تاڵانکراوە، 99٪یان سوورییەکان بردوویانە، هیچ خواردنێک نەگەیشتووەتە ئێرە، تەنانەت سەموون و سمیتێکیش نییە، بۆیە خەڵک ناچارن بچنە مارکێتەکان".
 
نێردراوی رووداو لە مەڕەش گوتیشی "لەنێو کاولەکاندا تەرم دەبینرێت و زۆری دیکەش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە".
 
ئامەد؛ لە یەک گەڕەکدا پێنج باڵەخانە رووخاون
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە ئامەد، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژدا لە ناوەندی شاری ئامەدەوە گوتی "لە نزیک باڵەخانەیەکی رووخاو بە ناوی "حیسابی" (کە تاوەکو ئەوکاتەی قسەی دەکرد)، 27 کەسیان تێدا رزگاردبوو و کەسێکیش گیانی لەدەستدابوو، باڵەخانەکە 10 نهۆم بوو، 36 خێزانی تێدا دەژیا.
 
گەڕەکەکە ناوی رێزانە. بە گوتەی عەبدولسەلام، لەوێ پێنج باڵەخانە بەتەواوی رووخاون، کە زۆربەیان شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بوون.
 
 
لەنزیک یەکێک لە باڵەخانە وێرانبووەکان، پیاوێک بە گریانەوە بە زمانی کوردی قسە بۆ پەیامنێرەکەی رووداو دەکات و دەڵێ: بووکەکەم و برا و خوشکێکی لە نهۆمی سێیەم بوون، دایک و باوکیان لە ژیاندا نەماون و بە بێکەسی لەوێ دەژیان، ئێستا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدان... پیاوەکە قسەکانی بۆ تەواو نەکرا!
 
رووها؛ خەڵک ناوێرن لە ماڵ بمێننەوە
 
پارێزگای رووهاش، یەکێکی دیکەیە لەو پارێزگایانەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ماشەڵڵا دەکاک، لە پارێزگای رووهاوە زانیاری بۆ رووداو نارد و گوتی:" لەبەردەم باڵەخانەیەکی رووخاوی حەوت نهۆمیدام، تائێستا 9 کەس رزگارکراون و سێی دیکەش گیانیان لەدەستداوە".
 
لەکاتێکدا ماشەڵڵا قسەی دەکرد، دەنگی تیمەکانی فریاگوزاری بەرزبووەوە کە کەسێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە. ماشەڵڵا دەڵێ "هێشتا خەڵک دەترسن و زۆربەیان لە دەرەوەی باڵەخانە و خانووەکاندا ماونەتەوە".

 

 
سەمسوور؛ هاونیشتمانییەک تەرمی پێنج ئەندامی خێزانەکەی دەرهێناوە و کەس نییە بەخاکیان بسپێرێت
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، نێردراوی رووداو لە شاری سەمسووری باکووری کوردستان دەڵێت "سات بە سات ژمارەی قوربانییەکان زیاد دەکات، لەبەردەم باڵەخانەیەکم سەرەڕای دەرهێنانی چوار تەرم، هێشتا 14 کەس ماون، کەسوکاریان دەڵێن، گوێمان لە دەنگیان بووە".
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی گوتی: "شەوی رابردوو خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێل نوستوون، چوومەتە ماڵێک کە ئەندامێکی خێزانەکە تەرمی پێنج کەسی خێزانەکەی دەرهێنابوو، هیچ کەسێک نەبوو بەخاکیان بسپێرێت و شارەوانی و تەندروستیش پێیان گوتبوو کە ئۆتۆمبێلیان نییە".
 
هاونیشتمانییەک: گوێم لە دەنگی کەسوکارەم بووە لەژێر داروپەردوودا
 
هاونیشتمانییەک قسەی بۆ نێردراوی رووداو کرد و گوتی "دوو کەسم گیانیان لەدەستداوە و چوار-پێنج کەسی دیکەم لەژێر داروپەردوودا ماون، خۆمان گوێمان لە دەنگیان بووە، تیمەکانی فریاکەوتن هاتوون، بەڵام ژمارەیان کەمە و وەکو پێویست ناتوانن هاوکاری خەڵک بکەن".

 

 
هەروەها عەلی حەیدەر، نێردراوی رووداو لە شاری مەڵەتێ لە باکووری کوردستان چیرۆکی باوکێک دەگێڕێتەوە کە چوار منداڵی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودان و هێشتا کەس بەهانایانەوە نەچووە.
 
 
دوایین ئاماری قوربانییان لە تورکیا و باکووری کوردستان (کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ)
 
فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ، سێشەممە (7-2-2023) رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لەئەنجامی بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 3419 کەس، هەروەها هەشت هەزار کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکراون.
 
بوومەلەرزە بەهێزەکان؛ یەکەمیان 7.7 و ئەوەی دیکە 7.6 بوو بە پلەی رێختەر، سەنتەرەکەیان مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان، بەهۆیانەوە جگە لە زیانی گیانی، هەزاران کەس لە هەموو ناوچە کاریگەربووەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا بێ ماڵوحاڵ بوون و خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان وێران بوو.
 
یاریدەدەرەکەی سەرۆککۆماری تورکیا دوایین ئاماری بریندارانیش ئاشکرا دەکات و دەڵێ "20 هەزار و 534 بریندارن". 
 
بەگشتی بەگوتەی فوئاد ئۆکتای، 3294 کارمەندی فریاگوزاری گەیشتوونەتە تورکیا بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان و، 70 وڵاتیش کارمەندی فریاگوزاری رەوانەی تورکیا دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە