لە مەرەش دوای 31 کاژێر منداڵێکی تەمەن 15 مانگ رزگارکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مەرەشی باکووری کوردستان منداڵێکی تەمەن 15 مانگ دوای 31 کاژێر مانەوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا، رزگارکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی شوباتی 2023 لە گەڕەکی مەندەرەس منداڵێکی تەمەن 15 مانگ بە ناوی مریەم ئیشک لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی 10 نهۆمی رزگار کرا، کە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەهۆی بوومەلەرزە 7.7 پلەییەکەی مەڕەش، رووخابوو.
دوای بیستنی دەنگی منداڵەکە لەلایەن تیمەکانی ئافاد هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی چڕکرانەوە. دوای ئەوەی مریەم ئیشک بە سەلامەتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکە هێندرایە دەرەوە، بە ئامبوڵانس گەیێندرایە نەخۆشخانە.
تیمەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی دایکی ئەو منداڵە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکە ماوەتەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای مەڕەشی لە باکووری کوردستان هەژاند کە زیانی گەورەی هەبوو. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تائێستا سێ هەزار و 432 کەس گیانیانلەدەستداوە و 21 هەزار و 103 کەسیش برینداربوون. هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتیی لەژێر داروپەردووەکاندا رزگارکراون.
هاوکات لە پارێزگای هاتای تورکیاش، دایکێکی 30 ساڵان و منداڵێکی شەش مانگ دوای 29 کاژێر رزگار کران؛ بەپێی وێنەکان، وا دەردەکەوت کە منداڵەکە زیانی بەرنەکەوتووە.