لە هەولێر ژمارەیەک پارێزەر لیستێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنن


رووداو دیجیتاڵ

لە شاری هەولێر ژمارەیەک پارێزەر لیستێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنن. پارێزەرێکیان دەڵێت: "دەمانەوێت ئەزموونە یاساییەکان بگوازینەوەی پەرلەمانی کوردستان."
 
رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، ئومێد پاڵانی، پارێزەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیستەکەیان هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئامانجیان ئەوەیە ئەو ئەزموونە یاساییەی کە لە دادگاکان هەیانە بیگوازنەوە پەرلەمانی کوردستان، لە هەمان کاتدا رایەکی دیکەیان هەیە کە لیستەکەیان فراوان بکەن و تەنیا یاساناسان نەگرێتەوە و خەڵکی دیکەشی تێدابێت وەک ئەندازیار، پزیشک و مامۆستا و چینەکانی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەوبارەیەوە نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و لە گفتوگۆدان.
 
بە گوتەی ئومێد پاڵانی، ئەگەر لیستەکەیان تەنیا یاساناسان بگرێتەوە ئەوە ناوی لیستەکەیان دەکەنە لیستی یاساناسان، ئەگەریش جگە لە یاساناسان خەڵکی دیکەش بگرێتەوە ئەوە ناوی دەنێن لیستی مووچەخۆران و دەشڵێت: "ناوی هەردوو لیستەکە روونە کە دەمانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی پارێزگاری لە مافی مووچەخۆران و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بکەین."
 
ئەو لیستە ئێستا لە 20 بەربژێر پێکهاتووە، بەڵام بە نیازی زیادکردنی بەربژێرەکانن بۆ 100 بەربژێر و لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشداربن. ئومێد پالانی گوتی: "لیستەکەمان نە دژی حکومەتە و نە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنە و نە حیزبە، بەڵکو لیستێکی سەربەخۆیە و کار لەسەر کێشەی خەڵک دەکات، چاوەڕوانین کۆمیسیۆن دەرگەی لیست تۆمارکردن بکاتەوە بۆ ئەوەی ناوی لیستەکەمان تۆماربکەین."
 
لەبارەی مەرجی دەستنیشانکردنی بەربژێرانی لیستەکەیان ئومید پاڵانی گوتی، هیچ سانسۆرێکیان لەسەر ئەو کەسانە دانەناوە کە دەیانەوێت ببنە بەربژێر، چونکە خەڵکانێکی زۆر "بێ هیوابوونە لە حیزبەکان" بۆیە دەرگەیان بۆ واڵادەکەن کێ دەیەوێت ئەندام بێت خۆی بەربژێر بکات.
 
بڕیاربوو 1ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەتواندرا لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت و رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بە دەنگی 85 پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی 2023 درێژکرایەوە.