سوودانی: گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەیە

07-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە؛ داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات خۆیان لە کڕینی دۆلار بەدووربگرن. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی رۆژی سێشەممە 07-02-2023 دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی یاسای نەوت و گاز گوتی: "گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەیە. لەسەر پڕۆژەکە دەکەین و دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی 2023، پێشکێشی پەرلەمانی دەکەین." 
 
محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی دۆلار و دیناریش قسەی کرد و گوتی: "بڕیارماندا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بکرێتە 1300 دینار لە وەزارەتی داراییەوە. بانکی ناوەندیی عێراقیش بە 1310 دەیفرۆشێتە بانکە تایبەتییەکان و ئەوانیش بە 1320 دینار دەیفرۆشنە هاووڵاتیان." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دینار "بەهێزە" و داوای لە هاووڵاتییان کرد دۆلار لای خۆیان نەهێڵنەوە و خۆیان لە کڕینی بەدوور بگرن. 
 
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بایەخی زیاتر بە وەبەرهێنان لە کەرتی گازدا دەدات و گوتی، دەبێت گازی عێراق بچێتە بازاڕەکان و هەناردەی دەرەوە بکرێت. 
 
ئەم گوتانەی سوودانی لە کاتێکدان، زیاتر لە 15 ساڵە کێشەیەکی سەرەکی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی بە نەوت و گازەوە هەیە. 
 
هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەم کێشەیە لەم حکومەتەدا لە رێگەی ئامادەکردنی یاسای نەوت و گازەوە چارەسەر بکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە