هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: پێشوازی لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، پێشوازی لە لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ درێژەدان بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە سەرپەرشتیی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات، لە تویتێکدا دەڵێت: "ئێمە پێشوازی لە لێکنزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی دەکەین بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازییەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە." 
 
لە تویتەکەی رۆژی سێشەممەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییدا هاتووە: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوبەشێکی سەربەرزی پێشمەرگەیە و پابەندە بە راوێژپێدان، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانمان و سەرنجمان لەسەر بەزاندنی داعشە."   
 
هاوکات کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە تویتێكدا پشتیوانی و هاودەنگیی خۆی بۆ پەیامەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشمەرگە دەربڕی.
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە: "ئێمە پێشوازی لە لێکنزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی دەکەین بۆ پشتیوانیکردن لە هەنگاوی دواتری چاکسازییەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە."  
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەشڵێت: "بە یەکگرتوویی، هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت برەو بە ئاساییش، سەقامگیری و خۆشگەزەرانی نێو و دەرەوەی عێراق بدات." 
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە: "ئەمریکا هاوبەشێکی رژدە لەم هەوڵانەدا." 
 
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بڕياری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەیە و "گرنگی تایبەتی خۆی و هەیە. چاکسازییەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و ئەرکی هەموومانە چاکسازییەکە بگەیێنینە دوا وێستگە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی کوردستان و پیشمەرگەیە." 
 
عەبدولخالق بابیری گوتی، "هاوشانی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش کار دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەکە." 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی خستووەتە کارنامەکەیەوە. ئەگەرچی ژمارەیەک هەنگاو بۆ یەکگرتنەوەی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە نراون و ژمارەیەک لیوا خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هێشتا ژمارەیەکی دیکەیان ماون و رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە. 
 
لە مانگەکانی دواییدا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر چەند پرسێکی ئەمنی، سیاسی و دارایی روویان لە خراپی کردووە.