گەشتی كۆڕەك... لە جیهانی هەواڵەوە بەرەو دڵی سرووشتی كوردستان

07-02-2019
ئەیوب نووری
نیشانەکردن چیای كۆڕەك
A+ A-

رووداو - هەولێر

كاتێك لە لووتكەی چیای كۆڕەك دەوەستی، بیرت نامێنێ لە كوێی. لەوێ جیهانێكی دابڕاو لە هەموو ئەو وێنانە دەبینی كە لە مێشكی زۆربەی خەڵكدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. لە بەرزایی 6000 پێ دیمەنێكی بەرفراوانی شاخە بەفرگرتووەكانت لێ دیارە. لەژێر پێیەكانیشت دۆڵە قووڵەكان كە دەبێ ملت درێژ بكەی و پشتت بچەمێنیتەوە بۆ ئەوەی نیگایەكی بنی دۆڵەكە بكەی.

بەیانیان تیشكی خۆر لە ناكاو هەڵدێ و ئەوەندە لێتەوە نزیكە كە هەست دەكەیت دەتوانی بیگری و دەستەكانی خۆتی پێ گەرم بكەیتەوە، هەمووی چەند خولەكێكی دەوێ تاوەكو بریسكانەوەی خۆر لەسەر بەفر هەموو شاخەكە بكات بە فەرشێك لە زیو. رەنگە سەرەتا تەمێك پێش چاوت بگرێ، بەڵام زوو دەڕەوێتەوە و شاخی زیاتر خۆیان دەردەخەن. 

چیای زۆر لە كوردستان هەن و هەموویان شایانی ئەوەن ملی رێگەیان بۆ بگری، بەڵام چیای كۆڕەك شتێكی دیكەیە. لەوێ خەڵكی سەر بە ئایین، نەتەوە و لایەنگریی سیاسی جیاواز كۆدەبنەوە، تاوەكو بۆ ماوەیەك لە هەرا و زەنای سیاسی دوور بكەونەوە.

لەسەر لووتكەی چیای كۆڕەك گوێت لە هەموو دیالێكتەكانی كوردی، زمانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی، توركی و زۆر زمانی دیكەی بیانی دەبێ. من لەوێ وەستابووم، سەیری هاوڕێیەكم دەكرد كە خەریكی تاقیكردنەوەی رێگەی خلیسكێنەكە بوو، لەپڕ كابرایەكی فلیپینی بە قەمسەڵەیەكی سووری زستانەوە خۆی كرد بەناو بازنەكەدا و گوتی هیچ لە خلیسكانێ نازانێ و تەنیا بۆ گرتنی وێنەیەك هاتووە.
سێ كچی خەڵكی سلێمانی لە پشت پەرژینەكەوە وەستابوون. زۆر فزووڵ بوون لەوەی بزانن ئەو وەرزشە چۆن دەكرێ و سووریش بوون لەسەر ئەوەی خۆیان تاقی بكەنەوە جا باج و ریسكەكەی هەرچی بێ. دوو گەشتیاری چینی پرسیاری كەلوپەلی خلیسكانێیان دەكرد، لە كاتێكدا چەند مەترێك ئەوبەرتر چەند خێزانێكی كورد و عەرەب لەسەر لێژاییەك وەستابوون و سێڵفییان دەگرت.

گەشتیارە عەرەبەكانی مووسڵ و بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراق بە لێژاییەكاندا سەر و خواریان دەكرد و لەناو بەفردا یارییان دەكرد. رەنگی قەمسەڵە، كڵاو و پوتین و دەستكێشەكانیان وەك خاڵ لەسەر سیپیایی بەفرەكە نیشتبوو. منداڵەكان دەستی دایك و باوكیان بەرەو یەكێك لە قاوەخانەكان رادەكێشا، لە كاتێكدا دیوی شاخەكە پڕ بوو لە هاواری ئەو هەرزەكار و گەنجانەی لە ناو سكای گلایدەرێكدا دەفڕین.

لووتكەی شاخەكە بە درێژایی رۆژ جموجۆڵی لێ نابڕێ، شەڕە بەفر، خلیسكێنە و تەقاندنی گوللە رەنگاوڕەنگەكان. دەمەو ئێوارە خۆر لە دوور دیار نامێنێ و لەگەڵ ئەودا هەرا و جووڵەی خەڵكیش دەوەستێ و شاخەكان دەبن بە پەناگەی بێدەنگی.

ئەوانەی كە تەنیا بۆ رۆژەكەی هاتبوون، بەرەو داوێنی شاخەكان شۆڕ دەبنەوە و ئەوانەشی كە دایانناوە لەوێ شەو بەسەر بەرن، دەگەڕێنەوە ناو كوخەكانیان كە لە نزیك لووتكەی شاخەكەیە و بەسەر هەموو شاخەكاندا دەڕوانێ. 

دوای ماوەیەكی زۆر مانگێكی گەورە لە ئاسمان دەردەكەوێت و هەموو شتەكانی سەر رێی خۆی رووناك دەكاتەوە. بەفرە سپییەكەی رۆژ لە رووناكیی مانگە شەودا رەنگێكی دی لەبەر دەكات و سەرمای شەویش بەفرەكە وشك دەكات. ئەگەر بچیت بۆ پیاسەیەكی شەو، مانگ خۆی رێگەت پیشان دەدات و تاكە دەنگێكیش كە دەیبیستی قرچەی بەفرە رەقەكەیە لە ژێر پێتدا. كاتێك بە ژێر لایتە بەفرگرتووەكانی سەر شەقامدا تێدەپەڕی، دەبینی هەناسەت چۆن تێكەڵ بە هەوای سارد دەبێ. 
بە رێگەی جیاوازدا دەتوانیت بگەیتە لووتكەی شاخەكە: دەتوانی بەپێ بە رێگەیەكی پێچاوپێچدا لە خواری خوارەوە بەرەو لووتكە هەڵكشێی. رێگەی ئوتۆمبێلیش هەیە. بەڵام ئەو رێگەیەی جەماوەرێكی زۆری هەیە تێلێفریك یان گوێزەرەی كێبڵییە. 

لە وێستگەی سەرەكیی ئوتۆمبێڵە كێبڵییەكان، سەدان كەس بە بلیت و جلی گەرم و پۆشتەوە سەرەیەكی دوور و درێژیان گرتووە بۆ ئەوەی نۆرەیان بێ بچنە ناو ئوتۆمبێلە كێبڵییەكانەوە، خەڵك دڵخۆشن و وێنە و سێڵفی دەگرن، لە كاتێكدا سەرەكە زۆر بە هێواشی دەجووڵێ.

ئەگەر یەكەمجارت بێ لەو شوێنە بی، هەر خەڵكەكە پرسیاری ئەوەت بۆ دروستدەكەن كە ئەو سندوقە سیحراوییانەی بە كێبڵێكەوە هەڵواسراون بۆ كوێت دەبەن، چونكە لەو خوارەوە هێشتا لووتكەی شاخەكەت لێوە دیار نییە. 

كاتێك ئوتۆمبێلە كێبڵییەكان سەرنشینەكان هەڵدەگرن و دواتر بە جووڵەیەك لەسەر شێوەی (U) بەرەو لووتكەیان دەبەن، هەستی ئەوەت لەلا دروست دەبێ كە بەرەو نەزانراوێك دەچی. بەڵام دوای چەند ساتێك خۆت لە ناوەڕاستی ئاسمان دەبینیتەوە، سەیری خوارەوە دەكەیت و گاشە بەردی زەبەلاح دەبینی كە وەك تابلۆی رێنمایی لە زەوی دەرچوون. رەوە بزنی گوندەكانی دەوروبەر دەبینی كە لەناو دار بەڕووەكاندا دێن و دەچن. كاتێك زیاتر بەرەو ئاسمان بەرز دەبیتەوە، بزنەكان، درەختەكان و بەردەكان بچووكتر و بچووكتر دەبنەوە هەتا دواجار دیار نامێنن.
هەندێك لەو ئۆتۆمبێلە كێبڵییانەی تێدەپەڕن وەكو دیسكۆیەكی جووڵاو وان كە تێیاندا پیاو و ئافرەتی گەنج، گروپێك خوێندكار یان دوو ئەویندار دەنگی موزیكیان بەرز كردووە و بەدەم چوونە سەرەوە یان خوارەوەی ئوتۆمبێلە كێبڵییەكەوە گۆرانی دەڵێن و چەپڵە لێدەدەن. هەندێكی دیكە لە خەڵك بە بێدەنگی دانیشتوون و لە جامی ئوتۆمبێلە كێبڵییەكەوە سەیری سروشتی دەستلێنەدراو دەكەن كە هەتا چاو بڕدەكات كشاوە.

وەك ویلفرێد تێسیجەر، گەشتیار و گەڕیدەی بەریتانی، سەردەمانێك گوتی: "ئەوەی گرنگە ئامانجەكە نییە، بەڵكو ئەو رێگایەیە كە بەو ئامانجەت دەگەیەنێ، هەرچی رێگاكەش سەختتر بێ، گەشتەكە زیاتر ئەوە دەهێنێ خۆی لێ بدەیت". هەرچەند رێگەی گەیشتن بەرەو لووتكەی كۆڕەك خۆشە، بەڵام دیسانیش گەشتی كۆڕەك گەشتێكە لە جیهانی هەواڵ و شەڕەوە بەرەو دڵی سروشتی كوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە