رووداو دیجیتاڵ
خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاژێر شەقامێکی سلێمانییان داخست و گرژیی بەدوای دا هات.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان داوایان لە خۆپێشاندەران کردووە رێگەکە بکەنەوە، رەتیان کردووەتەوە. بۆیە هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد.
وەکو لە دیمەنەکان دا دەردەکەوێت، گرژیی کەوتووەتە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان. خۆپێشاندەران بە بەرد رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.
ئەمڕۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و رێگەی سەرەکیی شارەکەیان بۆ هەولێر و کەرکووک داخست.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاکاندا کۆبووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر داواکارییەکانیان کرا، پارێزگاری سلێمانی جەختیکردەوە داواکانیان دەگەیێنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لەسەر بنەمای یاساو رێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان".
ئەمە لەکاتێکدایە، بریاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە هەر شوێنێک بیانبینن، دەستیان بەسەردا دەگرن.
2ی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی ئەمنیی سلێمانی رایگەیاند، ئیدی رێگەنادەن ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بسوڕێتەوە و دەستیان بەسەردا دەگرن.
لەو کاتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 تیمی گەڕۆک کە پێکهاتبوون لە ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ لە رێگەکان بوون.
پێشتریش عەمید ئاسۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوتبوو، لە رۆژی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە (2ی کانوونی یەکەمی 2024) تاوەکو 23ی کانوونی یەکەمی 2024 نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە و رۆژانەش ژمارەکە زیاد دەکات.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیاندەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمار ناکرێن ئەوانەن، کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە و زۆرینەیان بە "مەلیکە و شاهینە" ناسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ