رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رێکارەکانی دامەزراندنى 7 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە کەرکووک دەستپێبکات، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بەغدا بە دامەزراندن لەسەر بنەماى نەتەوە قایل نەبووە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دامەزراندنى زیاتر لە 7 هەزار فەرمانبەرى گرێبەست بۆ سنوورى پارێزگاى کەرکووک بەگوێرەى ئەو پێوەرانە دەبێت کە پێشتر داندراون و داواکارییەکان لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە پێشکێش دەکرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتى "پێشبینی دەکرێت لە ماوەى یەک، دوو مانگى داهاتوودا رێوشوێنەکانى وەرگرتنى داواکاریی ئەو گرێبەستانە دەستپێبکەن."
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى سێ ساڵەى عێراق، پشکى کەرکووک لە دامەزراندنى 150 هەزار کەس بەشێوەى گرێبەست حەوت هەزار و 304 کەسە، کە جگە لە کەرتى پەروەردە سەرجەم کەرتەکانى دیکە دەگرێتەوە.
چەند پێوەرێک بۆ ئەو گرێبەستانە داندراون لەوانە پێویستى دامەزراوەکان، رێژەى دانیشتووانی قەزا و ناحییەکان.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند هەوڵدرا بەگوێرەى پشکى نەتەوەکان ئەو گرێبەستانە دابەش بکرێن، بەڵام حکومەتى فیدراڵى بەوە قایل نەبووە و جەختى کردووەتەوە لەوەی دەبێت پێشکێشکردنى داواکارییەکان بە رێگەى ئەلیکترۆنى بێت.
گوتیشى "یەکێک لە کێشەکانى دیکە ئەوەیە؛ پێوەرێکى دابەشکردنى ئەو گرێبەستانە لەسەر بنەماى چڕیی دانیشتووانى قەزا و ناحییەکان بێت، کە ناوچە عەرەبییەکان چڕیی دانیشتووانیان زیاترە لە ناوچە کوردییەکانى کەرکووک."
بەگوێرەى رێکارەکان، ئەو کەسانەى داواى دامەزراندن دەکەن، لە رێگەى بەستەرێکى ئەلیکترۆنییەوە داواکارییەکانیان پێشکێش دەکەن و بەگوێرەى پێوەرەکان وەردەگیرێن و ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە، بەوپێیە پشکى نەتەوەکان لە شارەکە دەرناکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ