رووداو - سلێمانی
کەمیی کارەبای نیشتمانی تەنگی بە هاونیشتمانییان هەڵچنیوە، لە لایەک کێشەی بێ کارەبایی و لە لایەک زۆریی کرێی کارەبای موەلیدە.
محەممەد سەڵاح لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، لەگەڵ هاوڕێیەکی چایخانەیەکیان بە کرێ گرتووە؛ بۆئەوەی بتوانن پارەی کارەبای موەلیدەی هەردوو ماڵەکە و دووکانەکەش بدەن، دەبێت لانیکەم هەفتەیەک کار بکەن و هیچ لە داهاتەکەیان خەرج نەکەن.
محەممەد سەڵاح، دانیشتووی سلێمانی دەڵێت، "کارەبای موەلیدەکە نە ساردکەرەوە و نە هیتەر کارپێدەکات، کاژێر 12:00ی شەویش تاوەکو 01:00ی نیوەڕۆ دەبڕێت، بۆیە هیچ سوودی نییە، سێ ئەمپێر کارەباشمان هەیە، هەر ئەمپێرێک بە نزیکەی 15 هەزار دینارە، زۆر کەس ناتوانێت ئەو پارەیە بدات، من ماڵ دەزانم نەخۆشی هەیە و کاسبکاریان نییە، خەڵک هاوکارییان دەکات، چۆن دەتوانن کرێی موەلیدە بدەن، بەم بێکارییەش کە ئیش کز بووە، خۆم دوو قۆری چام بە 15 هەزار دینار فرۆشتووە، کە سوودێکی وای نییە."
هاتنی سەرما کارەبای نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان دابەزاندووە بۆ نزیکەی 6 کاژێر، ئەمیش بەپێی بەرزی و نزمیی پلەکانی گەرما لە هەر شارێک یەک بۆ سێ کاژێر زیاد و کەم دەکات.
فەهمی محەممەد، دانیشتووی سلێمانی باس لەوە دەکات، "بەیانیان لە خەو هەڵدەستی، لەجیاتی بە دەرگاکەدا بڕۆی، خۆت دەکێشی بە دیوارەکەدا، کارەبا نییە و چاوت هیچ نابینێت، ماڵ هەیە لەسەر خۆشۆردن تووشی کێشە دەبن، دەبێت بە نۆرە هەر رۆژە و کەسێک خۆی بشوات، ئەمەش نابێت."
کەمیی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەو گەڕەکانەی 24 کاژێر کارەبایان هەیە، بگاتە 19 بۆ 22 هەزار دینار، ئەوانەشی 24 کاژێری نین، کەمترینی 14 هەزار دینارە.
تاهیر مەولوود، دانیشتووی هەولێر دەڵێت، "هەزاران کەس هەیە فەرمانبەرە و کرێچییە، بۆیە ناتوانێت ئەو کرێی موەلیدەیە بدات."
خاوەن موەلیدەکان دەڵێن، حکومەت هاوکاریان نییە و نرخی گازیش بەرزە، بۆیە پارەی کارەباکەش بەرزە.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، "نرخی ئەمپێرەکانی کارەبای موەلیدە لەسەر بنەمای نرخی گاز دیاریدەکرێت، چونکە 70% بۆ 75%ی تێچووەکانمان گازە، کە هەر لیترێکی بە نزیکەی 600 دینارە."
بەرهەمی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 3500 مێگاوات، لە کاتێکدا پێویستیی هاونیشتمانییان نزیکەی دوو هێندەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ