رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هوداپار دەڵێت، دەبێت دەستووری تورکیا بگۆڕێت. لەبارەی رەوشی سووریاش ئاماژە بەوە دەدات، دەبێت بە گفتوگۆ پرسەکان چارەسەر بکرێن و "هەموو کەسێک بە مافی خۆی بگات".
رۆژی سێشەممە، 7-1-2025، زەکەریا یاپیجیۆغلو، سەرۆکی هوداپار لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداریکرد کە شەهیان تەحسین، پێشکێشی کرد.
زەکەریا یاپیجیۆغلو لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا و سووریا قسەی کرد.
سەرۆکی پارتی هوداپار گوتی، "پێویستە دەستووری تورکیا بگۆڕێت، و پێویستە دیباجەش بگۆڕێت. هەروەها بەربەستی بەردەم زمانی کوردی لابرێت، پێویستە ئەو پێناسەی هاووڵاتیبوونە، کە هەموو کەسێک وەک تورک ناودەبات، ئەویش بگۆڕدرێت."
زەکەریا یاپیجیۆغلو باسی لەوە کرد، لەسەر ناسنامەی هاووڵاتییانی تورکیا دەبێت ناوی تورک لاببرێت، یان ناوی هەموو پێکهاتەکانی لەسەر بنووسرێت.
سەرۆکی هوداپار لەبارەی سووریاش ئاماژەی بەوەدا، دەبێت گەلانی سووریا بەیەکەوە دابنیشن و کێشەکانیان بە گفتوگۆ و بەشێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکەن.
زەکەریا یاپیجیۆغلو هەروەها گوتی، "ئێمە دەڵێین پێویستە ئەو کوردانەی لەوێ کۆچیان کردووە، چ هاتوونەتە تورکیا، چ چوونەتە کوردستان (هەرێمی کوردستانی عێراق)، پێویستە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. ئەو پێکهاتانەی لە سووریا چی دەبن، هەر کەس بچێتەوە سەر موڵکی خۆی، خاکی خۆی، گوندی خۆی، بگاتە مافی خۆی و رژێمێک بەو شێوەیە دابمەزرێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و زەکەریا یاپیجیۆغلو
رووداو: بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، ئەم پرۆسە نوێیە چۆن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکرد؟
زەکەریا یاپیجیئۆغلۆ: وەکو ئاشکرایە، لە 1ی تشرینی یەکەم کاتێک سەرۆکی MHP لە شوێنی خۆی هەستا و چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پاتی و دەستی گرتن و سڵاوی لێکردن. دوای ئەوە سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: دەبێت دەم پارتی نرخی ئەو دەستەی کە بۆیان درێژکراوە بزانێت. سێ هەفتە دوای ئەوە، لە 22ی تشرینی یەکەم دا، جارێکی دیکە دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی گرووپەکەی خۆیدا قسەیەکی کرد و گوتی: ئەگەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، با بێتە پەرلەمانی تورکیا، لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و PKK هەڵوەشێنێتەوە و رایبگەیێنێت کە چەکیان داناوە.
دوای ئەوەی ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکرد، هاتوچۆ دروست بوو. لە هەمان کاتدا هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی سەردانی وەزارەتی دادیان کرد و گوتیان دەمانەوێت بچین عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببینین. ماوەیەک تێپەڕی، مۆڵەتیان پێدرا؛ بەڵام نەک بۆ هاوسەرۆکەکانی پارتەکە. وەک شاندی پێشوو جارێکی دیکە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان چوون بۆ سەردانی ئیمرالی. دوای ئەوەش پڕۆسەیەک دەستیپێکرد بەڵام ئەم پڕۆسەیە چ پڕۆسەیەکە؟ پێویستە چۆن بێت؟ هەر لایەنێک شتێک دەڵێت! هەندێک لایەن دەڵێن ئەمە پڕۆسەیەکی چارەسەرییە کە لە نوێوە دەستیپێکردووەتەوە. لایەنی حکومەت، ئاکپارتی ومەهەپە دەڵێن: پڕۆسە نییە، گفتوگۆ نییە، ئاگربەست نییە، دەبێت لە کورتترین کاتدا PKK واز لە چەک بهێنێت.
هەم پەکەکە و هەم پەیەدە، واتە هەم لە تورکیا و هەم لە رۆژئاڤا و هەم لە هەر شوێنێک پێویستە پەکەکە واز لە چەک بێنێت. بەڕاستی لە ئیمرالی چی باس کرا، بە کاتژمێر لەوێ مانەوە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەی لە میدیاوە یان لە رێگەی میدیاوە بۆ خەڵک گوتراوە زۆر کورتە. تەنیا ئەو حەوت خاڵەی کە راگەیێندراوە، دەڵێن پرۆسەیەک دەستیپێکردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش دەیەوێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشداری ئەم پرۆسەیە بن. پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. هەلومەرجی ناوچەکە، رووداوەکانی سووریا، غەززە و فەلەستین کە روودەدەن ئەوە فەرز دەکەن کە دەبێت چارەسەرێک هەبێت. بەڵام چارەسەرێکی چۆن دەبێت؟ مەبەست لە چارەسەر چییە؟ مەبەستی حکومەت چییە؟ مەبەستی باخچەلی چییە؟ هێشتا دیار نییە!
رووداو: دەم پارتی بەو خاڵانەوە دەچێت بۆ لای لایەنە سیاسییەکان؟ دەم پارتی داوای کردووە کە لەگەڵ ئێوەدا کۆببێتەوە؟
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: نەخێر، تاوەکو ئەم کاتە هێشتا داواکارییەکی لەم جۆرە نەگەیشتووەتە دەستمان، پەیامێکی وەها نەگەیشتووەتە ئێمە. دێن یان نایەن دیار نییە.
رووداو: ئەگەر داواکارییەکی لەو جۆرە هەبێت وەڵامی ئێوە چی دەبێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: ئەگەر هاتن، ئێمەش پێشبینی و نیگەرانی و داواکاریمان هەیە، ئێمە قسەی خۆمان دەکەین، سەرەتا گوێیان لێ دەگرین. ئایا مەبەستی سەردانەکەیان چییە؟ بە چ سیفەتێک دێن؟ تەنیا پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگەیێنن بە لایەنە سیاسییەکان یان سەبارەت بە پرۆسەکە بیروڕایان هەیە؟ پێشبینییەکانیان چین و چی دەڵێن؟ هێشتا دیار نییە. کاتێک هاتن ئەگەر قسەکانیان چی بێت بەپێی ئەوە گوێیان لێ دەگرین.
بێگومان ئێمەش لەسەر ئەم بابەتە؛ واتە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو رۆژەوە کە هاتووینەتە ناو مەیدانی سیاسەت، واتە لەو رۆژەوە کە پارتی خۆمان دامەزراندووە تاوەکو ئەمڕۆ، شتمان هەیە بیڵێین. ئێمە دەڵێین کێشەی کورد هێشتا بەردەوامە، پێویستی بە چارەسەرە. بەڵام ماوەیەکی درێژە واتە دەتوانم بڵێم، ئەمە لە ساڵی 2015ـەوە هەم سەرۆک کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان هەم پێش ئەوەش واتە لە سەردەمی پرۆسەی ساڵی 2013 و 2015دا مەهەپە دەیگوت: کێشەیەک نییە بەم ناوە. بەڵام ئێمە دەڵێین پرسێک هەیە، پێویستە پرۆسەیەکی باش بەڕێوە بچێت و ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، بۆ چارەسەری هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە، ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین.
ئێمە دەڵێین پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، دوو بابەت هەن کە پێویستە لە یەکتر جیا بکرێنەوە. دوو بابەت لە پێش ئێمەدان، لە پێش تورکیادان، یەکێکیان بابەتی PKKیە، چەکەکانی PKKیە، ئەو شەڕەی کە PKK دەیکات، یەکێکیشیان کێشەی کوردە. نابێت یەکێکیان بە ئەوی دیکەوە ببەسترێتەوە، یان ببێتە مەرج لە پێش ئەوی دیکە و ببێتە بەربەست.
ئێمە دەڵێین ئەگەر PKK دەست لە چەک هەڵبگرێت یان نا، پێویستە دەوڵەتی تورکیا و حکومەت چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە، پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، برایەتی کورد و تورک دووبارە دروست بکرێتەوە و بەهێز بکرێت. ئێمە بە PKKش دەڵێین، ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت یان نا پێویستە دەست لە چەک هەڵبگرێت. چونکە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئاستێکی وەها کە چەکەکانی PKK گەورەترین زیان لە میللەتی کورد دەدات، لە بەردەم چارەسەریشدا گەورەترین بەربەست ئەمڕۆ چەکەکانی PKKیە.
رووداو: سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە ئێستا هەیە هیچ گفتوگۆ و دانوستاندنێکتان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان یان سەرۆکی MHP دەوڵەت باخچەلی هەبووە؟
زەکەریا یاپیجیئۆغلو: زۆر جار لەگەڵ سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، پێش 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دانوستاندنمان هەبوو، ئەو کاتەی کە سەرۆککۆمار دەیگوت کێشەی کورد نییە ئەو کاتەش سەردانمان کرد، گوتمان کێشەی کورد هەیە، پێویستە چارەسەر بکرێت، بۆچوونی خۆمانمان پێ گوتووە، بەڵام دوای 1ی تشرینی یەکەم سەبارەت بەم بابەتە هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان ئێمە و ئەردۆغان نەبووە.
رووداو: بەپێی زانیارییەکانی ئێوە ئامانج لەم پرۆسەیە چییە؟
زەکەریا یاپیجی ئۆغلو: وەک دیارە، ئامانجی حکومەت و باخچەلی و دەوڵەت ئەوەیە کە پەکەکە چەک دابنێت. چەکەکان بێدەنگ بن. نەک تەنیا لە تورکیا، لە رۆژئاواش، لە کوردستانی سووریاش دەڵێن پێویستە پەیەدەش واز لە چەک بهێنێت. بەڵێ کورد و تورک برایەتی لە نێوان خۆیاندا بەهێز بکەن، لەوانەیە رێککەوتنێکی نوێ لە مێژوودا وەک 100 ساڵ پێش، وەک چەند سەد ساڵ پێش، وەک 900 ساڵ پێش، دیسان برایەتییەکی وا لە نێوان خۆماندا دروست بکەین، بەڵام بۆ ئەمە چ هەنگاوێک دەنرێت کەس باسی ناکات، دەڵێن لە رۆژەڤیشدا شتێکی وا نییە. لە رۆژەڤدا تەنیا یەک شت هەیە دەڵێن یان پەکەکە دەبێت ئەو چەکانەی کە لە دەستیاندایە بێدەنگ بکەن یان ئێمە ئەو کەسانەی کە چەکیان لە دەستدایە بێدەنگیان دەکەین.
رووداو: بە بۆچوونی تۆ ئۆجەلان داوای چەک دانان لە پەکەکە دەکات؟
زەکەریا یاپیجی ئۆغلو: ئەگەر تەنیا باسی چەک دانان بێت، کەسی پەیوەندیدارعەبدوڵڵا ئۆجەلانە. روون نییە کە ئۆجەلان داوایەکی وەها لە پەکەکە دەکات یان نا. پاش ئەوەی داوایەکی وەها لە هاوڕێکانی دەکات، ئایا هاوڕێکانی لە قەندیل قبووڵی دەکەن یان نا ئەوەش روون نییە. بەڵام پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە کە داوایەکی لەو جۆرە بکرێت، بەڵام ئەنجامەکەی چی دەبێت هەموومان پێکەوە دەیبینین.
رووداو: بەپێی زانیاری و شرۆڤەکانی ئێوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەچێتە پەرلەمانی تورکیا؟
زەکەریا یاپیجی ئۆغلو: پێشبینی من ئەوەیە کە باوەڕ ناکەم. واتە یاساکانی ئێستا بۆ ئەوە گونجاو نین کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان دەربچێت و راستەوخۆ بچێتە پەرلەمان. ئەگەر گۆشەگیری لەسەر لابچێت، ئەگەر ئەو سزایەی کە ماوە لێی ببووردرێت. ئەگەر دەرچێت تا ماوەیەکی درێژ بەسەریدا تێنەپەڕێت، بەپێی یاساکانی ئێستا نەگونجاوە، کەسێک کە سزای درێژخایەنی لەسەربێت، دوای دەرچوونی بەشداری هەڵبژاردن بکات و بێتە پەرلەمان. بەپێی یاساکانی ئێستا تاوەکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نەکرێت رێگری لێکراوە.
رووداو: واتە ئێوە باوەڕ دەکەن کە یاسا بگۆڕدرێت و کارێک بۆ ئۆجەلان بکرێت و رێگەی بۆی بکرێتەوە کە بچێتە ناو پەرلەمانەوە، لەبەرئەوەی لە سەرەتادا کاتێک کە بانگەواز کرا، باسی ئەمە کرا کە ئۆجەلان بێتە ناو پەرلەمانەوە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: راستە! لە 22ی ئۆکتۆبەر بانگەوازی باخچەلی بەو شێوەیە بوو، ئەگەری ئەوە هەیە کە لە یاساکاندا گۆڕانکاری بکرێت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت. ئەگەری هەیە لە شوێنێک وەک زیندانی ماڵەوە بێت واتە لە دەرەوەی بەندیخانە بێت، واتە لە هەلومەرجی دیکەدا زیندانی بێت، ئەگەری هەیە ئەو سزایەی کە لەسەریەتی هەڵبگرن. ئەگەر ئازادیش بێت، من باوەڕ ناکەم ئەوەندە رێگای بۆ بکرێتەوە کە وەک پەرلەمانتار بچێتە پەرلەمانەوە. بەڵام لاوازییەکی پەکەکە و ئۆجەلان و پارتی دیموکراتیش هەیە. واتە بۆ ئازادکردنی ئۆجەلانیش بانگەوازێکی وەها دەربچێت، واتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پەکەکە بڵێت کە سەردەمی چەک، سەردەمی شەڕی چەکداری و خەباتی چەکداری تێپەڕیوە، لە ئێستا بەدواوە ئێمە خەباتێکی سیاسی بەردەوام دەکەین، ئەگەری هەیە بانگەوازێکی وەها هەبێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ئۆجەلان.
رووداو: ئێوە وەک هودا پار پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: پێشتریش گوتم، ئێمە پشتگیری ئەو کارە دەکەین کە پەکەکە دەست لە چەک هەڵبگرێت. وەک گوتمان پەکەکە ئەمڕۆ خۆی کێشەیەکە لە بەردەم کورد دا، گەورەترین زیانی بە کورد داوە. ئێمە دەڵێین پێویستە پەکەکە دەست لە چەک هەڵبگرێت. ئەمە یەک.
دووەم: ئێمە دەڵێین پەکەکە دەست لە چەک هەڵبگرێت یان نا پێویستە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. ئێمە دەڵێین کورد وەک تورک دامەزرێنەری ئەم کۆمارەن، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەت وەک تەنیا دەوڵەتی تورکان بێت مامەڵە دەکات. کورد بەشێک لە کوردان خۆیان وەک خاوەنی ئەم دەوڵەتە نابینن. ئێمە دەڵێین پێویستە ئەمە نەمێنێت، کورد خاوەنی ئەم خاکەن، خاوەنی ئەم وڵاتەن و دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتەن، ئەم کۆمارەن، پێویستە یەکسانی هەبێت، مافی تورک چی بێت، پێویستە هی کوردیش وابێت.
پێویستە زمانی کوردی لە دەوڵەتدا بەکاربهێنرێت، پەروەردە بە زمانی دایک هیچ بەربەستێکی لەبەردەم نەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە دەستووری تورکیا بگۆڕدرێت.
بۆ ئەمەش هەندێک پێشنیازمان هەیە، هەندێک داواکاریشمان هەیە. من پێموایە، لە ماوەی داهاتوودا، واتە لە مانگی یەک و دوودا، هەندێک سەردان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ گۆڕینی دەستوور دەکرێت، ئەو کاتەش ئێمە پێشنیاز و بۆچوونی خۆمان دەردەبڕین، ئێمە هەم بە لایەنە سیاسییەکان دەڵێین، هەمیش بە گەلی خۆمانی دەڵێین.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە چۆن ئەم دەوڵەتە دەبێتە دەوڵەتی کورد و تورک، ئەم دەوڵەتەی کە دەڵێن چۆن مافی تورکە، دەبێ مافی کوردیش بێت، چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
زەکەریا یاپیجیئۆغلو: ئەگەر خواست هەبێت، نیەتێکی دروست هەبێت و ئیرادەیەک لەم رێگەیەدا هەبێت، بە فراوانی ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکەین، کە گۆڕانکاری بە چ شێوەیەک بێت. ئامادەکاریەکانمان هەیە ئینشائەڵڵا ئێمە بە فراوانی دەیڵێین، لە سەرەتادا، لە دەستپێکی دەستوورەکەدا لە خوارەوە دەبێتە دیباجە، واتە پێش ئەوەی خاڵەکان دەستپێبکەن، ئەم نووسینە سەرەتاییە زیاتر لە 20 جار باسی تورک دەکات. واتە ئەوان دەڵێن کاتێک ئێمە دەڵێین تورک باسی میللەتی تورک دەکەین. واتای میللەتی تورک چییە؟ واتای ئەو کەسانەیە کە هاوڵاتی کۆماری تورکیان، ئێمە بەو شێوەیە ناویان دەبەین، نەک ناوبردنێکی ئیتنیکی بێت.
بەڵام بەراستی کاتێک کە ئێمە ئەو دەقە دەخوێنینەوە مەبەست لەو وشەی تورک چییە؟ ئێمە وەک ئیتنیکی تێدەگەین زۆر کەس وا تێدەگەن، ئێمە دەڵێین پێویستە ئەگەر ناوی گروپێکی ئیتنیکی یان نەتەوەیەک لە دەستووردا هاتبێت، ئەوە نابێت. پێویستە ناوی هیچ نەتەوەیەک نەیەت، یان ئەگەر هات، لە سەرەتای دەستووردا پێویستە بڵێن کە ئەم کۆمارە 100 ساڵ پێش ئێستا، گەلانێک کە لەسەر ئەم خاکە پێکەوە دەژین، واتە کورد و تورک پێکەوە لەگەڵ گەلانی تر ئەم کۆمارەیان دامەزراندووە. و هەموویان پێکەوە خاوەنی ئەم کۆمارەن، خاوەنی ئەم وڵاتەن، وەک یەکن.
بۆ زمانی کوردی ئەمڕۆ وەک نموونە لە دەستووری تورکیادا دەڵێت جگە لە تورکی، هیچ زمانێک بۆ هاوڵاتیبوون وەک زمانی دایک ناتوانرێت فێر بکرێت. پێویستە خاڵی بەم شێوەیە لە دەستووردا جێگەی نەبێت و دەربکرێت چۆن تورک دامەزرێنەری ئەم کۆمارەیە، خاوەنی ئەم وڵاتەیە، زمانەکەیان لە قوتابخانەکان بە شێوەیەکی فەرمی بە هەموو هاوڵاتیان و منداڵان فێر دەکرێت، پێویستە کوردیش کاتێک داوا دەکەن زمانەکەیان لە قوتابخانە فێر بکرێت، نەک تەنیا زمانی کوردی فێر بکرێت، بەڵکو ئەو وانانەی تریش وەک فیزیک و بیرکاری ئەوانیش بە زمانی کوردی فێری منداڵەکانمان بکەن. واتە ئەو بەربەستەی لەبەردەم زمانی دایک نەک تەنیا بۆ کوردان هەر گەلێک لەسەر ئەم خاکە دەژی، عەرەب، چەرکەس، گورجی، ئەرناوود، هەرچی هەبن، دەبێت هەر کەس بتوانێت بە زمانی خۆی پەروەردە وەربگرێت.
رووداو: واتە یەکەم هەنگاو بۆ گۆڕینی دەستوور، گۆڕینی دیباجەیە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بەڵێ، پێویستە دیباجەش بگۆڕدرێت، پێویستە بەربەستی بەردەم زمانی کوردی لابرێت، پێویستە ئەو پێناسەی هاوڵاتیبوونە، کە هەموو کەسێک وەک تورک ناودەبات، ئەویش بگۆڕدرێت.
رووداو: ئێوە شتێکتان هەیە لە جێگەی ئەوە دابنرێت؟ تەنیا تورکی لێ دەربچێت یان ناوی هەموو پێکهاتەکان بگوترێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نا ئێمە دەڵێین پێویست ناکات ناوی هیچ پێکهاتەیەک تێدا جێگیر بکرێت، ئێمە دەڵێین لەسەر ئەم خاکە کێ دەژی هەموویان هاوڵاتین و لە بەردەم یاسادا وەک یەکن، کەس لە کەس نە زیاترە و نە کەمتر. ئەگەر هەر دەڵێن دەبێت ناوی هەندێک پێکهاتە لەوێدا بنووسرێت، ئەگەر ناوی پێکهاتەی تورک دەنووسرێت، پێویستە هی کوردیش بنووسرێت. بەڵێ گەلانی تریش هەن پێکهاتەی تریش هەن 26 هەن.
رووداو: ئایا ئێوە وای دەبینن کە ئەمە رێگەیەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە یان بیروڕای دیکەتان هەیە، چۆن کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: هەندێک هەنگاو پێویستە بنرێن کە دەستوور بگۆڕێ، پێویستە هەندێک یاسا بگۆڕدرێن. هەندێک هەنگاوی کارگێڕی هەن ئەگەر بنرێن، گۆڕینی دەستووریش پێویست نییە، وەک چی؟ بۆ نموونە بە یەک بڕیار کە وەزارەت دەتوانێت بیدات، بۆ نموونە هەندێک ناوچە هەبوون کە ناوەکانیان گۆڕدراون. یان هەندێک کەسایەتی وەک شێخ سەعید کە وەک خائین ناودەبرێت، لە ناو میللەتی کورد خاوەن رێزێکی گەورەیە. لە ساڵی 1925 راپەڕینێک روویدا دوای ئەوە، شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە دیاربەکر لە سێدارە دران. ئێمە دەڵێین پێویستە لێبووردن هەم لە بنەماڵەکەی و هەم لە گەلی کورد داوا بکرێت و ئیعتیباری بگەڕێندرێتەوە.
راستە ساڵی 1938، یاسایەک دەرچووە ئەو کەسانەی کە لە دادگاکانی ئیستیقلال، مەحکوم بوون و لە سێدارە دراون، ئەو حوکمە لەسەریان هەڵگیراوە، بەڵام هێشتا لەو کتێبانەدا کە باسی مێژووی تورکیا دەکات، باسی کۆماری نوێ دەکات، پێویستە ئەو نووسینانەی کە لەو کتێبانەدا هەن ئەوانیش بگۆڕدرێن. واتە ئەو وشانەی کە کورد پێی دڵگرانن دەبێت دەربهێنرێن. واتە گەلێک هەنگاو هەن هێدی هێدی ئەگەر ئیرادە هەبێت ئەگەر دروستی هەبێت هەنگاو بە هەنگاو ئەم بابەتە دەکرێت چارەسەر بکرێت.
رووداو: باشە، دەمەوێت پرسیارێکیش سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان لە ئێوە بکەم، گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی سوریا کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری کۆبانێ. بە بۆچوونی ئێوە، دەبێت ئەم هێرشانە رابگیرێن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بە راستی ئێمە دەڵێین 13 ساڵە لە سووریا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە، لەوانەیە زۆر دەوڵەتی دوور و نزیکی دراوسێ و ئەوانەی لە دوورەوە هاتوون وەک ئەمریکا، وەک رووسیا، وەک هەندێک دەوڵەتی ئەورووپایش بەشداری ئەم شەڕەیان کردووە، ئێمە دەڵێین نزیکەی 14 ساڵە، ئەم مانگی ئازارەی داهاتوو 14 ساڵ تەواو دەبێت ئەم شەڕە بەردەوامە، ئێمە دەڵێین گەلانی سووریا چ کورد، چ عەرەب، چ تورکمان و چ هی دیکە، چ موسڵمان و ناموسڵمان چ عەلەوی و چ شیعە، هەموویان بە ئەندازەی خۆیان ئازاریان چەشتووە و خوێنیان رژاوە.
پێویستە، گەلانی سووریا هەرکەس هەیە دانیشن پێکەوە، بە دیالۆگ، بە شێوەیەکی سیاسی، هەموو لایەک لەسەر مێزێک دانیشن گفتوگۆ بکەن کە لە داهاتوودا لە سووریا دەوڵەتێکی چۆن دروست دەکرێت، ماف و ئەرکی کێ چییە ئەوە جێبەجێ بکرێت و بە شێوەیەکی ئاشتییانە بابەتەکانی خۆیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکەن و دەستوورێکی نوێ دابنرێت کە هەر کەسێک خۆی لەناو ئەو دەستوورەدا ببینێتەوە.
بەڵام پێش ئەوەی ئەم دانیشتنە بکرێت، پێش ئەوەی دەستوور بنووسرێت، لایەنەکانی کە ئەمڕۆ چەک لە دەستیاندایە، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لە مەیدانەکەدا لەسەر خاکی سووریا دەتوانن پێگەیەکی چۆن بەدەست بهێنن کە دەستیان بەهێز بکەن. بەڵام پێویستە هێزی هەرە گەورە، هێزی ئەو کەسە بێت کە خاوەن مافە، واتە کێ مافدار بێت ئەو بەهێزە، دەبێت لەسەر خاکی سووریا یەکسانی هەبێت. تەنانەت چەند ساڵ پێشتر، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەشێک لە کوردەکان خاوەنی ناسنامەش نەبوون و وەک هاووڵاتی نەدەناسران. مافی موڵکدارییان نەبوو، مافی خوێندنیان نەبوو، لە زۆر ماف بێبەش بوون.
بەڵام دوای ئەوەی کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێکرد، PYD و PKK هێرشیان کردە سەر ئەو کوردانەی دیکەی وەک PDK و بەشەکانی دیکەی ENKS، بەشێکیان لە سووریا دەرکرد، دەستدرێژییان کردە سەریان. ئەمڕۆش واتە هەم لەو سەردەمەی کە هێرشی داعش لەسەر کۆبانێ داوای یارمەتی لە هەموو کوردان کرد. گوتیان، وەرن یارمەتیمان بدەن، داعش کۆبانێی گەمارۆ داوە، دەیەوێت کوردان لەناو ببات، کۆمەڵکوژییەکی گەورە روودەدات. بەڵام دوای ئەوەی کە پێشمەرگە هات، یارمەتی کوردانی کۆبانێی دا، دوای ئەوەی کە کۆبانێ لە دەستی داعش رزگار کرا، دووبارە گەڕایەوە سەر رێگای پێشووی خۆی. گەڕایەوە سەر ئەسڵی خۆی و دیسان کوردانی دیکە، ئەو کوردانەی کە سەریان بۆ نەنەواند، بوونیان قبووڵ نەکرد.
دوای ئەوە کوردانی سووریا، پێکەوە بە هەموو جۆرە لایەنە سیاسییەکان، پێکەوە، لەسەر خاکی رۆژئاوا دەیانتوانی بەڕێوەبەرییەک دروست بکەن، ئەمڕۆ هەلومەرجی رۆژئاوا بەو شێوەیەی ئێستا نەدەبوو. بەڵام PKK و PYD گوتیان با بچووک بێت بەڵام هی من بێت و ئەمڕۆ باجی ئەوە دەدات.
ئێمە دەڵێین پێویستە ئەو کوردانەی کە لەوێ کۆچیان کردووە، چ هاتوونەتە تورکیا، چ چوونەتە کوردستان (هەرێمی کوردستانی عێراق)، پێویستە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. ئەو پێکهاتانەی لە سووریا چی دەبن، هەر کەس بچێتەوە سەر موڵکی خۆی، خاکی خۆی، گوندی خۆی، بگاتە مافی خۆی و رژێمێک بەو شێوەیە دابمەزرێت.
کێ بڕیار دەدات؟ مافی ئێمە نییە کە بڕیار لەسەر سووریا بدەین، تەنیا ئەگەر لە دەستمان بێت ئێمە یارمەتییان دەدەین و دەستیان دەگرین، بەڵام دەوڵەتێکی چۆن دروست بکەن و چۆن خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەوە بڕیاری گەلی سووریا دەبێت و ئەوان سیستمی خۆیان دروست دەکەن.
رووداو: تورکیا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان بکات؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بە راستی نەک تەنیا تورکیا، ئێمە دەڵێین ئەمڕۆ رژێمی بەعس رووخا، بەڵام گەلانی سووریا بە گشتی لەژێر ستەمدا بوون ئەو ستەمە کۆتایی هات، ئێمە بۆ ئەمە سوپاسگوزارین و دەڵێین ئینشاڵڵا زوڵمێکی وەها جارێکی دیکە نایەتە سەر هیچ کەسێک. راستییەکەی رژێمی بەعس لە عێراق چۆن ستەمی کرد هەمان رژێم لە سووریاش ستەمی لە هەموو گەلی سووریا دەکرد. ئەو دەوڵەتانەی دەوروبەری سووریا کە دراوسێی سووریان، چ تورکیا و چ عێراق و چ ئوردن و ئەوانی دیکە، دەبێت یارمەتی گەلی سووریا بدەن.
نەک تەنیا وەک نموونە بڵێین تورکیا تەنیا پشتگیری تورکمان بکات یان حکومەتی بەغدا تەنیا پشتگیری عەرەب یان حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا خاوەندارێتی لە کورد بکات. ئێمە هەموومان مرۆڤین و وەک یەکین، پێویستە هەر کەس یارمەتی هەموو ستەملێکراوان بدات. تورکیا ئەگەر دەستی برایەتی و دۆستایەتی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا درێژ بکات، لە ماوەیەکی درێژدا لە بەرژەوەندی تورکیادا دەبێت.
لە ناوچەکەدا هیچ دەوڵەتێک نییە کە تەنیا لە یەک پێکهاتە، لە یەک گەل، لە یەک نەتەوە، یان لە یەک ئایین، لە یەک مەزهەب پێکهاتبێت. واتە لەوێ چی هەبێت، لەم لای سنووریش هەیە، لە بنخەت چی هەبێت، لە سەرخەتیش هەیە، پێویستە دەوڵەت ئەمە لە بیر نەکات کە ئەو کەسانەی لەوێ هەن هەر چ نەتەوەیەک بن، لە چ باوەڕێک بن، کەسوکاریان، مرۆڤەکانیان، دۆستەکانیان و تەنانەت براکانیان، لەم لای سنووریش هەن، پێویستە هەموویان وەک یەک ببینن، دەستی برایەتی، دەستی دۆستایەتی، دەستی رەحمەت و بەزەیی بۆیان درێژ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ