د. موسەننا ئەمین: کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە بەغدا چارەسەر ناکرێت

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە دەرەوەی رێنماییە فیدراڵییەکانی عێراق هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەتیان بۆ دەربکرێت و بە یاسا گرفتەکە چارەسەر بکرێت.
 
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە بەغداوە چارەسەر ناکرێت، بەوپێیەی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەدەر لە رێنماییە فیدراڵییەکانی دەوڵەتی عێراق بە قاچاخ هێنراونەتە هەرێمی کوردستان و پێویستە لە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتیان بۆ دەربکرێت تاوەکو گرفتەکە چارەسەر بکرێت.
 
گوتیشی: پێویستە ئەو کەسانە سزابدرێن کە لە مەرزەکان هێڵی تایبەتی قاچاخی خۆیانیان هەیە و بەدەر لە یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان هەر کاڵایەکیان بوێت بەبێ گومرگ و بە نایاسایی هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن.
 
"هاوردکردن و فرۆشتن و دواتریش قەدەخەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەمووی تاوانە و ناکرێت چەند بازرگانێک بە قاچاخ ئەم ئۆتۆمبێلانەیان هێنابێت هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێنەکرێت، بەڵام لەو هاونیشتمانییانە بسەندرێت و باجەکەی بدەن کە لە هەژاریدا پەنایان بۆ کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بردووە و لە بازاڕەکان بە ئازادانە مامەڵەیان پێوەکراوە" د. موسەننا ئەمین وای گوت.
 
گوتیشی: ئەو ئۆتۆمبێلانە پێویستە پۆلێن بکرێن و جیابکرێنەوە، ئەو جۆرانەیان کە مەرجی سەلامەتییان تێدا نەماوە بەوپێیەی لە سنوورەکان بڕدراونەتەوە و دواتر دووبارە چاککراونەتەوە و خراونەتە بازاڕ جیابکرێنەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە مەرجی سەلامەتییان تێدایە و دەستکاریی نەکراون و بە یاسا کاروبارەکانیان رێکبخرێت.
 
ئەو گوتانەی د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بەدەر لە رێنمایی و مەرجە یاساییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە قاچاخ هێنراونەتە پارێزگای سلێمانی، لەماوەی رابردوودا لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە بڕیاریدا کە دەست بەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بگیرێت کە ماوەی چەند ساڵێکە لە شەقامەکان بەبێ ژمارە هاتووچۆ دەکەن و کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، ئەمڕۆش دژی ئەو بڕیارە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و بۆ ماوەی 4 کاژێر رێگەی سەرەکیی سلێمانی–کەرکووکیان داخست و دواتر گردبوونەوەکە بە تووندوتیژیی کۆتاییهات.
 
"گرێبەستی تاقیگەکان کارەساتە"
 
هەر ئەمڕۆ (7/1/2025) لقی سلێمانیی سەندیکای تەندروستی دژی گرێبەستێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە حکومییەکان بە کۆمپانیایەکی ئەهلی چوونە نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی و رایانگەیاند، سکاڵا دژی ئەو گرێبەستە تۆمار دەکەن و بە نایاسایی دەزانن.
 
لەوبارەیەوە د. موسەننا ئەمین کە لە نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکە کۆبووەوە، گوتی: وەکو پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ گرێبەستی تاقیگەکان دەکەین و چەندین بەڵگە لەبارەی نایاسایی بوون و نادروستی ئەو گرێبەستە کۆکراونەتەوە.
 
گوتیشی: گرێبەستی وەزارەتی تەندروستی و کۆمپانیایەکی ئەهلی لەبارەی تاقیگەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان گرێبەستێکی ناشەفافە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و بە 'کارەسات' ناوی برد.
 
"خاڵێکی دیکەی ئەم گرێبەستە جگە لە نەبوونی پێوەرەکانی کێبڕکێ و نەبوونی بنەما یاساییەکان کە زۆر مەترسیدارە، ئەوەیە زانیارییە تایبەتییەکانی نەخۆش دەکەوێتە دەستی کۆمپانیایەکی ئەهلی کە هیچ گرێنتییەکی پاراستنی زانیاریی تایبەت و کەسی نەخۆشی تێدا نییە و ئەمەش وادەکات هاونیشتمانییان متمانە بە تاقیگەی نەخۆشخانەکان نەکەن و مەترسییان هەبێت زانیارییە تایبەتی و کەسییەکانیان بکەوێتە دەستی کۆمپانیایەکی ئەهلی"، ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی د. موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
گرێبەستی پێدانی تاقیگەکانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیایەک بۆ ماوەی 10 ساڵ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە. 
 
بەپێی گرێبەستەکە، کۆمپانیاکە پابەند دەکرێت بەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ هەموو پێداویستییەکانی تاقیگەکان دابین بکات و بەشێک لەو کەسانەی رەخنە لە گرێبەستەکە دەگرن پێیانوایە ئەو گرێبەستە ببێتە هۆی گرانکردنی نرخی پشکنین لە تاقیگە حکومییەکان بە ئەندازەیەک نرخی هەندێک جۆری پشکنین 130٪ گران دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە