رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پاڵاوگە نایاساییەکانەوەیە. پار لە پارێزگای هەولێر 54 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون. سەرۆکی دەستەی ژینگە داوا دەکات سیستمی هاتووچۆی گشتیی کارا بکرێت بۆ ئەوەی زیانی دووکەڵی ئۆتۆمبێل کەمتر بێت.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ژینگەی پارێزگاکان، نزیکەی 188 پاڵاوگە لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو دا نزیکەی 95یان داخراون و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لە داخستنی پاڵاوگەی نایاسایی.
رۆژی سێشەممە، 07ی کانوونی دووەمی 2025، عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر خاوەن پاڵاوگەکان پابەندی رێنماییەکان بن و بە نایاسایی کار نەکەن، ئەم بڕیارە کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە بەشێکی زۆری پیسبوونی هەوا پەیوەندی بە پاڵاوگە نایاساییەکانەوە هەیە."
جگە لە پاڵاوگەکان، ئۆتۆمبێلەکان کاریگەری زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە
عەبدولڕەزاق خەیلانی گوتی، "زۆر هۆکاری دیکەش هەن کە بەشدارن لە پیسبوونی ژینگە، بۆ نموونە ژمارەیەکی یەکجار زۆر ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن، دەمێکە داوامان کردووە ئامێری گواستنەوەی گشتی وەک میترۆ و پاس زیاتر بکرێت، چونکە 60٪ـی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان تایبەتن."
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە پارێزگای هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، پار 54 پاڵاوگە لە سنووری پارێزگاکە داخراون."
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئێستاش ئەم بڕیارە کاری پێدەکرێت و شەوانە لیژنەکانمان بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون، 28 کەس بەڵێنامەیان لێوەرگیراوە لە ئەگەری پابەند نەبوون بە رێنمایەکان دوای ئاگادارکردنەوە دەدرێن بە دادگە."
لەبارەی موەلیدەکانەوە دڵشاد هیرانی گوتی، "لە سەنتەری پارێزگای هەولێر 2 هەزار و 138 موەلیدە هەن، جگە لە شوێنە گشتییەکان ئەوانیش نزیکەی 2 هەزار موەلیدە دەبن."
بە گوتەی دڵشاد هیرانی، "ملیۆنێک و 193 هەزار جۆری ئۆتۆمبێل لە هەولێر هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 82 هەزاریان ئۆتۆمبێلی تایبەتن."
لە پارێزگای دهۆک پار هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی دانەخراوە
هاوکات دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرەی فەرمانگەی ژینگەی دهۆک بە رووداوی گوت، "پار هیچ پاڵاوگەیەک دانەخرا، بەڵام لە ساڵی 2023دا، زیاتر لە 38 پاڵاوگە لە سنووری پارێزگای دهۆک داخران و هەریەکەیان بە بڕی 8 ملیۆن دینار سزادران، بەڵام دوای ماوەیەک نزیکەی 12 پاڵاوگە دەستیان بە کارکردن کردەوە و ئێستا کاردەکەن."
بەڕێوەبەرەی فەرمانگەی ژینگەی دهۆک گوتیشی، "ئێستا بڕیارێکی تایبەت بۆ پارێزگەکە دەرچووە تاوەکو پاڵاوگە نایاسییەکان دابخرێن و لە ئەمساڵدا زیاتر کاری لەسەر دەکەین."
لەبارەی موەلیدەکانەوە، هەکار هرووری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، "لە سەنتەری پارێزگاکە 380 موەلیدە و لە تەواوی پارێزگاکە 1800 موەلیدە هەن."
لە پارێزگایی سلێمانی تەنیا دوو پاڵاوگەی یاسایی کاردەکەن
مستەفا جومعە، گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە پارێزگای سلێمانی نییە، تەنیا دوو پاڵاوگە کاردەکەن ئەوانیش یاسایین و هیچ کێشەیان نییە."
گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، "نزیکەی 15 بۆ 20 پاڵاوگەی نایاسایی لە پارێزگاکە هەبوون، بەڵام لە ساڵانی 2018 بۆ 2020 هەموویان داخران و هەندێکیان گۆڕدران بۆ کۆگە، تاوەکو ئیستاش لیژنەکانمان بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون، هەر پاڵاوگەیەک نایاسایی بێت دادەخرێت."
بە گوتەی مستەفا جومعە، "لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی زۆر خاوەن پاڵاوگەکان بەندکران و دراون بە دادگە."
لەبارەی ژمارەی مولیدەکانەوە، عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، "لە پارێزگای سلێمانی 610 موەلیدە هەن لەو ژمارەیە 570یان مۆڵەتیان هەیە."
لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی نییە
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "خۆشبەختانە لە سنووری پارێزگاکەمان هیچ پاڵاوگەیەک نییە، چونکە کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر ژینگە هەیە."
لەبارەی ژمارەی موەلیدەکانیشەوە گوتی، "54 موەلیدە لە سنووری هەڵەبجە هەن".
سەرەتای نیسانی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاڵاوگەی نایاساییەکان دادەخەن، بەڵام 12ـی هەمان مانگ رایگەیاند: "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار. بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ