رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی هەینی و پشوو جەنگەی بازاڕخۆشیی دووکاندارانی هەورامانە، بەڵام بڕانی کارەبا بەتایبەت لەو رۆژانەدا ئەوەندە بازاڕەشی پێ نەهێشتوون، کە پێشتر هەیانبوو.
زانیار مەحموودی، خاوەن مارکێت لە هەورامان دەڵێت، ماوەیەکە بەهۆی پچڕانی کارەباوە بازاڕیان 50% دابەزیوە، ناچارن دووکان دابخەن، چونکە نە هێڵی پەیوەندیکردن هەیە و نە ئینتەرنێت و نە تەلەفوون.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان پارەی کاش کەم بەکاردەهێندرێت و کڕین و فرۆشتن زیاتر لە رێگەی ئامێرە بانکییەکانەوەیە. هەرکات کارەبا ببڕێت، لە هەورامانی تەخت و گوندەکانی دەوروبەری ئامێرەکان لەکاردەکەون.
ئازاد محەممەدی، دووکاندار باس لەوە دەکات کە لەو ناوچەی ئەو چەندین دووکان و فرۆشگای جۆراوجۆر هەن و بەبێ کارەبا کاریان ناڕوات، لەکاتی بێ کارەباییدا ناچارن کارکردن بوەستێنن.
خواردنگەکانیش بەهۆی بڕانی کارەباوە تووشی کێشەی زۆر هاتوون. هەندێکجار کارەبا لەکاتی نانخواردنی گەشتیاراندا دەبڕێت و ئەوانەی پارەی کاشیان پێ نییە، بە ناچاری دەبێت بمێننەوە تاوەکو کارەبا دێتەوە، تاوەکو پارەی خواردنەکە بدەن.
دووکانداران دەڵێن، دیارنەبوونی کاتی بڕانی کارەبا، هێندەی دیکە کێشەکەی گەورەتر کردووە.
مەنسوور کەریمی، فرۆشیاری دەرمانی گیایی دەڵێت، نازانن چ کاتێک کارەبا دەپچڕێت، خۆ ئەگەر بیانزانیبایە، ئەوە دەیانتوانی تاڕادەیەک خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن.
لەکاتی بڕانی کارەبادا، هێڵەکانی تەلەفوون و ئینتەرنێتیش لە ناوچەی هەورامان دەبڕێن، تەنانەت هاونیشتمانییان ناتوانن لەو کاتەدا پەیوەندی بە فریاکەوتنیشەوە بکەن.
حکومەتی ئێران بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کورتهێنانی کارەبا، رۆژانە دوو بۆ سێ کاژێر کارەبای ماڵ و دووکانەکان دەبڕێت. بڕینی کارەبا بەشی زۆری خاوەن پیشەکانی تووشی کێشە کردووە، بەتایبەت ئەوانەی کاری خزمەتگوزاری دەکەن. لە گوندەکانی هەورامان ئاڵوگۆڕی بازرگانییش دەوەستێنێت و ئەم دۆخە بەردەوام بێت، هاتووچۆی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچەیە زۆر کەم دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ