رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی بروجێرد - ئەراک لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، لەسەر رێگەی بروجێرد - ئەراک لە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆتۆمبێلێکی کیا سپورتاج وەرگەڕا و بەهۆیەوە دوو لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
عەلی محەممەدی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی لوڕستان رایگەیاند، "دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان بە دوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت جگە لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، دوو کەسیش بریندارن، بریندارەکان لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێندران و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی چەمران لە بروجێرد و تەرمی ئەو کەسانەش کە گیانیان لە دەستداوە گواستراونەتەوە دادپزیشکی."
هۆکاری وەرگەڕانی ئەو ئۆتۆمبێلە دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-07-2024، 6 هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ