رووداو - سلێمانی
لە خۆپیشاندانی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی دوای چوار کاژێر لە داخستنی رێگەیەکی سەرەکیی سلێمانی، گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، لە لایەک پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردن گازی فرمێسکڕێژی هەڵدەدا و لە بەرامبەردا خۆپێشاندەران بە دار و بەرد وەڵامیان دەدایەوە.
خۆپێشاندانەکە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بوو بۆ کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و رێگەدان بە هاتووچۆکردنیان. بێستوون خدر، خاوەن ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا گوتی، "داواکارم لە حکومەت، لە وەزارەتی ناوخۆ، لە کاک قوباد و کاک بافڵ، بێنە سەر خەت، خەڵک تینی بۆ هاتووە."
خاوەن ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا داوای کرد، "کارتێک یان فۆرمێکی رێگەپێدانمان بۆ بکەن، هەر سەرپێچییەک کرا سزامان بدەن."
خۆپێشاندەرەکان دوو بەش بوون، بەشێک داوای رێگەگرتن تاوەکو چارەسەری گرفتەکەیان دەکرد، بەشەکەی دیکەیان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، داوای کۆتاییهاتنی گردبوونەوەکەیان دەکرد، بەڵێنیان لە پارێزگاری شارەکە وەرگرتووە هاوکاریان بێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک.
مام نووری، خاوەن ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا گوتی، "پارێزگاری سلێمانی پێی گوتین، وەعدی پیاو بێت وەکو برایەک لەگەڵتان بم و لەگەڵ حکومەت قسە بکەم بۆ چارەسەری کێشەکەتان."
بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، تەنیا لەنێو پارێزگای سلێمانییە؛ لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی ئەمنیی شارەکانی خۆیان دەکەن، تاوەکو ئێستاش جگە لە سلێمانی هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە ئاساییە.
سامان عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆئەوەی شتێک بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بکرێت، ئەوەی بڵاودەکرێتەوە هەمووی بۆ چەواشەکردنە."
دوای مانگێک لە بڕیارەکەی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کڕین و فرۆشتنیان نزیکبووەتەوە لە سفر، لیژنەی ئەمنییش سوورە لەسەر بڕیارەکەی و لە هەر جێگەیەک بیانبینێت دەستیان بەسەردا دەگرێت.
رێبین سدیق، خاوەنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەڵێت، "من 4000 دۆلارم پێداوە، ئێستا بیفرۆشم 2000 دۆلار دەکات، ئەویش کەس نایکڕێت، من لە خۆمەوە وا دەڵیم."
دوای چوار کاژێر لە رێگەگرتن و دروستبوونی قەرەباڵخی، رێگەی هاتن و چوون بۆ سلێمانی کرایەوە و بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیی خۆپێشاندانەکەوە پۆلیسێک بریندار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ