وەزارەتی شارەوانی: پار بە گوژمەی 53 ملیار دینار 131 پڕۆژە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێكراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، پار بە گوژمەی 53 ملیار دینار 131 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای دهۆک جێبەجێكراون. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆکیش دەڵێت، دەست بە دروستکردنی دوو پارک کراوە و بە تەواوبوونیان رێژەی سەوزایی بەرزدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لە ساڵی 2024ـدا لە پارێزگای دهۆک بە گوژمەی زیاتر لە 53 ملیار دینار، 131 پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێكراون."
بە گوێرەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، گوژمەکە 53 ملیار و 803 ملیۆن دینار بووە. 76 پڕۆژەیان لەسەر بودجەی تایبەت و 30 پڕۆژەیان لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆک جێبەجێكراون؛ 18 پڕۆژە لەسەر بودجەی پەرەپێدان و 8 پڕۆژەش لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێكراون.
هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک بە رووداوی گوت: "پار دەست بە دروستکردنی دوو پارک کرا کە تاوەکو ئێستا تەواو نەبوون. ئەوانیش پارکی سەرهەڵدان و ئالۆکان. پارکی ئالۆکا دەبێتە پارکی گشتیی دهۆک کە رووبەری 660 دۆنمە. پارکی سەرهەڵدانیش 46 دۆنمە. بە تەواوبوونیان رێژەی سەوزایی دهۆک لە 14٪ـەوە دەبێتە 20٪".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان باس لە پڕۆژەکان دەکات و دەڵێت: "9 پڕۆژەیان لە قەزای دهۆک، 43 پڕۆژەیان لە قەزای سێمێل، 26 پڕۆژەیان لە قەزای ئامێدی، 13 پڕۆژەیان لە قەزای شێخان، 20 پڕۆژەیان لە قەزای بەردەڕەش، 20 پڕۆژەیش لە قەزای ئاكرێ جێبەجێكراون."