یەکێتیی پیاوانی کوردستان: پار 15 پیاو لە لایەن ژنەکانیانەوە کوژراون

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان دەڵێت، ئامارەکانی تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان لە ساڵی 2024 "دڵخۆشکەر نین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پار 15 پیاو لەلایەن ژنەکانیان بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژراون. 

رۆژی سێشەممە، 07ـی کانوونی دووەمی 2024، بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2023دا 67 پیاو خۆیان کوشتووە. ژمارەکە لە ساڵی 2024دا 63 پیاو بووە". 
 
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی پیاوان، هەر لە ساڵی 2024دا 609 تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان و سکاڵای پیاوان بەرامبەر ژنان تۆمار کراون، واتە بەشێک لەوانە رووداوی تووندوتیژی بوون؛ بەشێکی دیکەیان پیاوان سکاڵایان دژی ژنان تۆمارکردووە.
 
ئامارەکانی تووندوتیژیی دژی پیاوان لە 2024 بە گوێرەی یەکێتیی پیاوان بەم جۆرە بووە: 
 
52 پیاوی بەتەمەن لە ماڵ دەرکراون
39 ناپاکیی هاوژینی 
11 پیاو تووندتیژیی جەستەییان بەرامبەر کراوە
239 دەستوەردانی کەسوکاری ژن لە ژیانی هاوژینیدا 
11 پیاو دووچاری گوشاری دەروونی و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە 
12 پیاو دەست بەسەر مووچەکانیاندا گیراوە 
213 پیاو لە بینینی منداڵەکانیان بێبەش کراون 
15 پیاو هەڕەشەی ناوزڕاندنیان لێکراوە
12 پیاو دەست بەسەر موڵکیاندا گیراوە
5 سكاڵای کەم خستنەوەی وەچە و خۆبەستن بێ رەزامەندی پیاو تۆمارکراوە 
 
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی پیاوان، زۆرترین ژمارەی خۆکوشتنی پیاوان لە پارێزگای هەولێر بووە کە 25 کەس بوون؛ کەمترین لە پارێزگای هەڵەبجە بووە و تەنیا یەک پیاو خۆی کوشتووە. 
 
لە ساڵی 2023دا، 619 تووندوتیژیی دژی پیاوان، 67 خۆکوژی لەلایەن پیاوان و 8 کوژرانی پیاو لەلایەن ژنان بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە