خەڵکی خەلەکان رێگەی سلێمانی - هەولێر بەڕووی بارهەڵگردا دادەخەن؛ داوای دووسایدکردن و کارەبا دەکەن

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
داخستنی رێگەیەکی سەرەکیی سلێمانی - هەولێر - راپەڕین لە کانی وەتمان. وێنە: رووداو
داخستنی رێگەیەکی سەرەکیی سلێمانی - هەولێر - راپەڕین لە کانی وەتمان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - راپەڕین
 
بەهۆی وەستانی کارکردن لە دووسایدی رێگەی نێوان دووکان - چوارقوڕنە، هاونیشتمانیان رێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیان لە گوندی باداوان لە کانی وەتمان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بار و تانکەردا داخست.
 
ئاری عەلی، دانیشتووی خەلەکان دەڵێت، "کاک دانا گوتی ئەمجارە بۆ خۆم لە پێشی خۆپێشاندانەکە دەبم کە ئەو پڕۆژەیە دەستی لێ هەڵگیرا. دوو مەکاینی لێیە، بەو دوو مەکایینەی بەنیازن ئەو جادە تەواو بکرێت؟ تەواو ناکرێت."
 
هەڵمەت عەزیز، دانیشتووی گوندی کانی وەتمان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو جادە واتە هەموو کوردستان بەیەکەوە یەکدەگرێتەوە، واتە هەم لە سنووری ئێران و هەم لە سنووری تورکیا، واتە هەموو سنوورەکان، ئەوە شادەمارێکە، وەرە بۆ خۆت سەیرێکی ئەو جادەیە بکە، وەڵڵاهی کارەساتی وای لێ روودەدات، جەرگ دەکات بە ئاو."
 
شۆفێری بارهەڵگرێک کە لە دهۆکەوە بەرەو سلێمانی دەڕوات و بارەکەی قیرە، ئەگەر کەمتر لە دوو کاژێری دیکە لە وەستانی لە کانی وەتمان، بارەکەی بەتاڵ نەکات 20 هەزار دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
 
سەفوان سەلیم، شوفێری بارهەڵگرەکە گوتی، "بارەکەم قیرە، سارد بووەتەوە، وەڵڵاهی سەیارەمان نەماوە لەو رێگایە، دەستیان خۆشبێت رێگاکەیان گرتووە، حەز دەکەین رێگاکە چاک بێت، بۆ ئێمەش باشترە، وەڵڵا ئەوە دوو کاژێر و نیوە لێرەم."
 
دووسایدی دووکان - چوارقوڕنە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەمی لە گوندی بێستانە بۆ چوارقوڕنە تەواو کراوە، قۆناخی دووەم و سێیەمی لە کانی وەتمانەوە بۆ دووکان 12 ساڵە تەواو نەکراوە.
 
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلەکان بە رووداوی گوت، "یاداشتی وەستاندنی کاری کۆمپانیاکەمان بردووە بۆ نووسینگەی کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پارێزگای سلێمانیشمان بردووە، تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە."
 
داواکاریی گوندنشینانی خەلەکان تەواوکردنی قۆناخی دووەمی رێگەکەیە، کە 25 کیلۆمەترە و بۆ تەواوبوونی نزیکەی 30 ملیار دینار پێویستە.
 
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، سێ جارە شاڕێگای سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕین لەلایەن دانیشتووانی دۆڵی خەلەکانەوە بەڕووی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا دادەخرێت، دانیشتووانی ئەو گوندانە ئەمجارە 72 کاژێر مۆڵەتیان بە کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوە کە کارکردن لە رێگەکەدا دەستپێبکەنەوە، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە رێگەکە بە تەواوەتی دادەخەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە