رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 9 مانگی رابردوودا زیاتر لە 146 هەزار کەس سەردانی مۆزەخانەکانی پارێزگاکەیان کردووە.
مورتەزا سەفەری، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ورمێ، سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025 رایگەیاند، لەو ماوەیەدا مۆزەخانەی تەختی سلێمان لە تیکاب زیاترین سەردانکەری هەبووە، دوای ئەوەش زیاترین گەشتیار سەردانی مۆزەخانە و کۆشکی باخچەجوقی ماکۆ و کەنیسەی تاتائۆسی پیرۆزیان لە چاڵدێران کردووە.
بە گوتەی سەفەری، ئێستا لە پارێزگای ورمێ 20 مۆزەخانە هەن، کە دوویان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراونەتەوە، پلان هەیە 9 مۆزەخانەی نوێ لەو پارێزگایە دروست بکرێن.
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 1796 شوێنەواری مێژوویی لە تۆماری نیشتمانیی شوێنەواری ئێران تۆمار کراون، دۆسیەی 100 شوێنەواری دیکەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کوولتوری، گەشتیاری و پیشە دەستیەکانی پارێزگای ورمێ دەڵێت، هەر یەک لە کەنیسەی تاتائۆس، رێوڕەسمی ئایینی باداراک لە کەنیسەی تاتائۆس، کاروانسەرای شا عەباسی لە خۆی، تەختی سلێمان لە تیکاب لە تۆماری جیهانیی میراتە کولتوورییەکانی یۆنسکۆ تۆمار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ