رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی 2024ی راگەیاند و دەڵێت، "بەراود بە 2023، ساڵی 2024 هەزار و 600 کەسی زیاتر سزادراون". دەشڵێت، "رێژەی تاوان زیادی کردووە".
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی 1ی 2025، ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێستا نزیکەی 5 هەزار و 700 سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن؛ لە کۆی ئەو ژمارەیە، 1527 کەسیان سزادراوی مادەی هۆشبەرن؛ ئەویش دەکاتە یەک لەسەر پێنجی کۆی سزادراوانی هەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاماری بەندکردن و ئازادکردندا گوتی: "ساڵی رابردوو 9 هەزار و 31 کەس سزادراون و 8 هەزار و 12 کەسیش ئازاد کراون."
ئەوانەی لە زیندانەکانن، چەندین جۆر پێداویستی و خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەکرێت، لەوانە خوێندن. ئیحسان بابان گوتی: "ژمارەی قوتابی و خوێندکاران زیاترە لە 560 کەس؛ ساڵی 2024 ژمارەیان زیادی کردووە. ساڵانی رابردوو، لە چاکسازییەکانی دهۆکدا ژنان نەیاندەخوێند، ئێستا ئەوانیش دەخوێنن. نزیکەی 28 قوتابی و خوێندکاری ژن لە دهۆک هەن."
ئیحسان بابان لەبارەی سەردانیکردنی بنکە تەندروستییەکانی نێو چاکسازییەکان گوتی: "سزادراوان نزیکەی 120 هەزار جار سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان کردووە و خزمەتگوزارییان وەرگرتووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو سزادراوان زیاتر لە 62 هەزار و 470 جار سەردانی کتێبخانەکانی نێو چاکسازییەکانیان کردووە
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کارکردنی سزادراوان لە نێو چاکسازییەکاندا گوتی: "کارکردنی سزادراوەکان لە نێو چاکسازییەکان بە ڕینوێنی رێکخراوە. 594 سزادراو کار دەکەن؛ 500یان پیاون و 94یان ژنن."
لەبارەی ئەو سزادراوانەی کە لە ساڵی 2024دا مۆڵەتی چوونەماڵەوەیان وەرگرتووە، ئیحسان بابان دەڵێت، "ئەوانەی پار مۆڵەتیان وەرگرتووە و چوونەتەوە ماڵەوە 483 سزادراون. سەردانی کەسوکاریان کردووە و دواتر گەڕاونەتەوە نێو چاکسازییەکان."
لە نێو چاکسازییەکاندا ژوانی خێزانی بۆ سزادراوان هەیە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ژوانگەی خێزانی یان خلوەی شەرعی کە لە چاکسازییەکان رێگەپێدراوە؛ 9 هەزار و 272 جار سزادراوان چوونەتە جێژوانەوە."
بە گوێرەی زانیاریی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 1251 سوودمەند بوون لە ئازادکردنی بەمەرج. هاوکات لیژنەیەکیش بۆ پیر و پەککەوتە، یان ئەوانەی (سوڵح)یان بۆ کراوە لە نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، ئیحسان بابان دەڵێت: "ژمارەیەکیان لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەرچووە. لیژنەکە بەردەوامە و بڕیارە کار لەسەر خەلکی دیکەیش بکرێت."
لەبارەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی دیکەی نێو چاکسازییەکان کە ساڵانە بەڕێوەدەچن، ئیحسان بابان دەڵێت، "یەکێک لە چالاکییەکان پێشکەشکردنی گوتاری ئایینی بووە و 116 جار گوتاری ئایینی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کراوە."
ساڵانە خول و سیمینار لەبارەی مادەی هۆشبەرەوە لە چاکسازییەکان پێشکەش دەکرێت و خولی شیاندنەوە بۆ سزادراوان رێکدەخرێت. ئیحسان بابان، روونیکردەوە کە "501 سزادراو لەو کۆڕ و خولانە سوودمەند بوون. هاوکات 328 کەسیش گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان کە 5 مانگی خایاندووە."
ساڵی رابردوو سەنتەری شیاندنەوەی تووشبووانی مادەی هۆشبەر لە نێو چاکسازییەکان کراوەتەوە؛ خەرجی گیرفان بۆ نەوجەوانان دابینکراوە، ئەوانەی کە بێکەسن و دۆخی داراییان خراپە، هاوکاریکراون. ئیحسان بابان دەڵێت، "ئەو پارەیەی بۆیان دابینکراوە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە."
سەبارەت بە خەرجی داودەرمانی نێو چاکسزاییەکان، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسزاییەکانی هەرێمی کوردستان، "لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە 23 ملیۆن دینار بۆ کڕینی داودەرمان بۆ چاکسازییەکان خەرج کراوە."
ئیحسان بابان ئەوەیشی خستەڕوو کە "ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ دادبینی نەوجەوانان دانراوە؛ بۆ ئەوەی نەوجەوانان نەبرێنە دادگاکان و هەر لەناو چاکسازییەکاندا دادگایی بکرێن."
لەبارەی پلانی ساڵی 2025ەوە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسزاییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دروستکردنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی هەرێمی کوردستان؛ دروستکردنی باڵەخانەی مەشق و راهێنان لە نێو چاکسازییەکان؛ دروستکردنی باڵەخانەیەک بۆ شیاندنەوەی تووشبووانی هۆشبەر لە قەزای شەقڵاوە و پاریزگای سلێمانی؛ هاوکات 40 کەس لە باڵەخانەکەی شەقڵاوە دادەمەزرینین. کار بۆ لێبووردنی گشتیش دەکرێت."
لە ساڵی 2023دا، کۆی سزادراوانی نێو چاکسازییەکان 7 هەزار و 387 کەس بووە؛ ئیحسان بابان روونیکردەوە، "بەڵام لە ساڵی 2024دا، 9 هەزار و 31 کەس سزادراون. واتا ساڵی 2024 زیاتر لە هەزار و 600 کەس زیادی کردووە. بەمەیش رێژەی تاوان زیادی کردووە."
کۆی بەندکراوانی ئازادکراو لە ساڵی 2023دا، 6 هەزار و 529 کەس بوون و بەڵام لە 2024دا، 8 هەزار و 12 کەس بووە. لە 2023دا، 402 قوتابی و خوێندکار هەبوون؛ بەڵام "لە ساڵی 2024دا، 560 خویندکار بوون." هاوکات مۆڵەتی چوونەماڵەوە لە 2023دا، 287 کەس بوون؛ بەڵام لە 2024دا، "483 کەس چوونەتەوە ماڵەوە و گەڕاونەتەوە." ژوانی خێزانی، 5 هەزار و 716 جار بووە لە 2023، بەڵام لە 2024دا، 9 هەزار و 272 جار بووە. ئەمەیش نزیکەی 70٪ زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ