ساڵی رابردوو 1.3 ملیۆن تۆن بەرهەمی خۆماڵی رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دجیتاڵ

ساڵی رابردوو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 375 هەزار تۆن بەرهەمی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەولێر زۆرترین بەرهەم نێردراوەتەوە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، پاشان سلێمانی و دهۆک.
 
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵی 2024 لە تەواوی ساڵەکەدا نزیکەی 41 هەزار پشتگیرمان داوەتە بارهەڵگرەکان، کە نزیکەی 750 هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵییان بردووەتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
 
هۆشیار جەلیل گوتی، ئەو بەرهەمانەی براون ئەوانە بوون کە دوای پڕکردنەوەی بازاڕی نێوخۆ هەناردە کراون.
 
شووتی، کاڵەک، پەتاتە، پیاز، تەماتە، خەیار، کەلەرم، باینجان و بیبەر بەشێکی سەرەکی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەن ساڵانە رەوانەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن.
 
هەر ئەمڕۆ جیهان رەسووڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵی رابردوو 253 هەزار و 905 تۆن بەرهەمی خۆماڵی بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە.
 
هەروەها بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بۆ رووداو، لە 10 مانگی ساڵی 2024 نزیکەی 375 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق کراوە.
 
لە عەلوەی هەڵەبجەوە بەرهەم هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناکرێت و بەرهەمی ئەو پارێزگایە لە عەلوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت.
 
وەرزی هاوین وەرزی زێڕینی پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کورستانە و زۆرترین هەناردەش لەو وەرزەدا بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە