رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و رێگەی سەرەکیی شارەکەیان بۆ هەولێر و کەرکووک داخست. پارێزگار دەڵێت، لەگەڵ نوێنەرەکانیان کۆبوونەتەوە. دواتر بە زەبری هێز کۆتایی بە گردبوونەوەکە هێندرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاکاندا کۆبووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر داواکارییەکانیان کرا، پارێزگاری سلێمانی جەختیکردەوە داواکانیان دەگەیێنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لەسەر بنەمای یاساو رێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان".
هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە دوای دیدارەکەی لەگەڵ نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکاندا رێگەکە بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە. بەڵام دواتر پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
02-12-2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستیان بەسەردا بگرن".
30ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین".
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیاندەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمار ناکرێن ئەوانەن، کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە و زۆرینەیان بە "مەلیکە و شاهینە" ناسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ